یه‌كگرتووی ئیسلامی: بڕیاری دادگای كه‌تنی كه‌ركوك سیاسیه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ رێبوار تاڵه‌بانی

26/12/2018 - 17:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ دادگای شاری كه‌ركوك بریاری زیندانی كردنی بۆ (د.رێبوار تاڵه‌بانی ) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ركرد ، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان نیگه‌رانی خۆی له‌م بریاره‌ ده‌ر ده‌برێت و پێوایه‌ ئه‌م بریاره‌ سیاسیه‌ و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌ .

خه‌لیل ئیبراهیم وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌كوردیوی  رایگه‌یاند : سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای كه‌تنی كه‌ركوك كه‌ ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ به‌رواری (26/12/2018) په‌یوه‌ست به‌ به‌ڕێز (رێبوار تاڵه‌بانی) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ركراوه‌.

وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، ئێمه‌ له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌ێنین ، كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای یاسا سه‌روه‌ری و بێ لایه‌نی دادگا ده‌رنه‌چووه‌، به‌ڵكو پاڵنه‌ری ئه‌م بڕیاره‌ ، سیاسیه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌ڕێز (رێبوار تاڵه‌بانی) له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانی و خزمه‌تگوزاریه‌كانی بۆ هاوڵاتیانی شاری كه‌ركوك ، وه‌ دیاره‌ كه‌وا دوای رووداوه‌كانی (16/ئۆكتۆبه‌ر) هه‌ندێ لایەن و دەزگای شاری كەركوك بە پاڵنەری سیاسی به‌رده‌وام هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان داوه‌ له‌ كه‌سانی نیشتمان په‌روه‌ر و به‌هه‌ڵوێست.

خه‌لیل ئیبراهیم ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، ئێمه‌ نیگه‌رانی خۆمان له‌و بڕیاره‌ راده‌گه‌ێنین و گشت هه‌وڵه‌كانمان له‌ رێكاری یاسای و سیاسی ده‌گرینه‌به‌ر بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ و داوا له‌ گشت لایه‌ن و هێزه‌ سیاسیه‌ نیشتمانیه‌كان ده‌كه‌ین ، كه‌وا هه‌ڵوێستی نیشتمانی و دڵسۆزی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ پاراستنی شكۆی كه‌سانی ئازادیخواز و دڵسۆزی خاك و نیشتمان.

ن.ش