لە بارەی هێنان و بەشوودانی کچ و ژنانی عەرەب رونكردنەوە دەدرێت

سێ شەممە, 08 کانونی دووەم 2019 05:43

قایمقامی قەزای سۆران هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لەبارەی هێنان و بەشوودانی کچ و ژنانی عەرەب لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکرێت و دەڵێ: "لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکی لەم شێوەیە رێککاری پێویست و یاسایی دژی ئەو کەسانە دەگرینەبەر".

کرمانج عیزەت، قایمقامی قەزای سۆران، بە رووداو رایگەیاندوە : "ئێمە بەدواداچوونی زۆر وردمان کردووە، لە میانی بەدواداچوونەکانمان شایەدێکمان دەستنەکەوت کە بڵێت ئەو پاسە هاتبێتە سنوورەکەی ئێمە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر شتێکی لەو بابەتەش هەبووایە ئەوا دەزگا ئەمنییەکانی ئێمە نەک تەنها قبووڵی ناکەن، بەڵکو خەڵکی ئێمە لە دەڤەری سۆران و خەلیفانیش، کە زیاتر ناوی ئەو دوو شوێنە دەهێندرێت، رێگە بە کاری وا نادەن".

کرمانج عیزەت دەڵێ: "بوونی حاڵەتی لەمجۆرە شێوازێکی زۆر نا مرۆڤانەیە و رێگەپێدراو نییە، حاڵەتی لەو شێوەیەش لە سنووری ئێمە نەبووە، ئەوەی هەیە تەنها پڕوپاگەندەیەک بووە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک".

لە ئەگەری هەبوونی ئەم دیاردەیەش، قائیمقامی سۆران دەڵێت: "ئەمە کارێکی نامرۆڤانەیە، دژی هەموو بنەمایەکانی مافی مرۆڤە و رێگەپێدراو نییە، هەموو دەزگا ئەمنییەکان و بازگەکانیشمان تێگەیاندووە لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی لەم شێوەیە رێککاری پێویست و یاسایی دژی ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ دەکەن و کڕین و فرۆشتنیان پێدەکرێت".