سه‌باره‌ت به‌نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی شوفێری بریارێكی نوێ ده‌درێت

پێنج شەممە, 10 کانونی دووەم 2019 11:02
سه‌باره‌ت به‌نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی شوفێری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بڕیارێكی نوێ  ده‌رده‌كات، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ش  ئاشكرای ده‌كات، ئه‌و شۆفێرانه‌ی به‌سیستمی كۆن مۆڵه‌تیان ده‌رهێناوه‌، پێویسته‌ له‌كاتی نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌یاندا دوو وانه‌ی تیۆری بخوێنن.

رائید كاروان محه‌مه‌د وته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی رایگه‌یاند: ئه‌و شۆفێرانه‌ی به‌سیستمی كۆنی مۆڵه‌تی شۆفێرییان ده‌ركردووه‌ واته‌ له‌پێش ساڵی 2005، بڕیاردراوه‌ له‌كاتی نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی شۆفێرییه‌كه‌یاندا دوو وانه‌ی هاتوچۆیی بخوێنن.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، وانه‌كان تیۆرین و له‌لایه‌ن مامۆستایانی نوسینگه‌كانی شۆفێرییه‌وه‌ له‌ناو باره‌گای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ ده‌وترێنه‌وه‌ له‌سه‌عات (11)ی پێشنیوه‌ڕۆ، دوای خوێندنی ئه‌و دوو وانه‌یه‌ مۆڵه‌ته‌كانیان نوێده‌كرێته‌وه‌.

رائید كاروان محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی بۆتۆری هه‌واڵی سلێمانی ئاشكرا كردوه‌، خوێندنی ئه‌و دوو وانه‌یه‌ به‌بێ‌ به‌رامبه‌ره‌‌و له‌هه‌فته‌ی داهاتوه‌وه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی هاتوچۆی سلێمانی ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ن.ش