وردەكاری دۆزینەوەی تەرمی منداڵێكی ساوا

11/01/2019 - 09:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

تەرمی منداڵێكی ساوا لە ناوەندی ناحیەیەكدا دۆزرایەوە، بەوتەی لێپرسراوانی ئیداری و ئەمنی، هێشتا لێكۆڵینەوە بەردەوامی هەیەو هیچ كەسێك بەوهۆیەوە دەستگیرنەكراوە.

لە پشت قوتابخانەیەك لە ناحیەی زنانە لە قەزای كفری، تەرمی منداڵێكی ساوا لەنێو عەلاگەیەكی رەشدا دۆزرایەوە، لە ئێستاشدا رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە.

(جەمال ساڵح) بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە بۆ كەركوك ناو وتی، دوای ئەوەی لەلایەن خەڵكی سنورەكە پۆلیسی زنانە ئاگاداركراوەتەوە لەپشت قوتابخانەی زنانە منداڵەكە فڕێدراوەو تەمەنی یەك ڕۆژ بووە، دەستبەجێ ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراوەو تاكو ئەم كاتە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت.

تەرمەكە هێشتا لە پزیشكی دادوەرییەو بەهۆی بەردەوامی لێكۆڵینەوەكانەوە بەخاك نەسپێردراوە.

(موحەمەد مەهنا) بەڕێوەبەری پزیشكی دادوەری گەرمیان وتی، ئەو منداڵەی تەرمەكەی دۆزراوەتەوە لە رەگەزی نێر بووەو حەوت مانگە لە دایك بووە، لەناو عەلاگەیەكی رەش لای قوتابخانەی زنانە تەرمەكە دانراوە.

تەرمەكە نوێ بووە، شەوی پێشتر لەو شوێنەدا دانراوەو نۆی بەیانی رۆژی دواتر دۆزراوەتەوە، هیچ نیشانەیەكی ئەشكەنجەی پێوەدیار نەبووە.

لە سنوری گەرمیاندا، كە قەزای كفری و ناحیەكانی لەرووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی ئەو ناوچەیەن، ئەوە یەكەم حاڵەتی دۆزینەوەی منداڵی ساوایە بە مردویی یان زیندوێتی لەمساڵدا تۆمار بكرێت.

(عەلی جەمال قەدوری) بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان وتی، تەرمی منداڵەكە لەنێو چاڵێكدا دۆزراوەتەوە، لە بنكەی پۆلیسی نەوجول پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوەو بەبڕیاری دادوەر تەرمی ئەو منداڵە ساوایە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری قەزای كەلار كراوە.

بەوتەی قەدوری، هێشتا دیارنیە ئەو منداڵە ساوایە پێش دانانی لەو شوێنەدا لەژیاندا بووە یاخود نا.

 

 

ئـ . كـ