پەرلەمانی عێراق مووچەخۆرانی هەرێم دڵنیا دەکاتەوە

12/01/2019 - 09:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێكی دڵنیاكەرەوە بەمووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەدات و پەرلەمانتارێكی شیعەش رایدەگەیەنێت، بڕینی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە هێڵی سورە، مژدەی ئەوەش رادەگەیەنێت، بڕی (317) ملیار دینارەكە بۆ زیاتر لە (455) ملیار دینار زیاد كراوە، پەیامێكی سەرۆكی پەرلەمانیش لەبارەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشكرا دەكات.

(سوهام عوقێلی) پەرلەمانتاری لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆئێس ئێن ئێن رایگەیاند: پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بڕی (317) ملیار دینارەوە بۆ زیاتر لە (455) ملیار دینار زیادكراوە، هەروەها بودجەیەكیش بۆ پێشمەرگە لە بودجەی هێزە وشكانیەكانی عێراق دیاریكراوە.

لەبارەی زیادكردنی بڕگەی (ج) لەماددەی (10) ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق كە تایبەت بەناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە ئەگەر هەرێمیش پابەند نەبێت، ئەو پەرلەمانتارەی وتی: هەرچەندە ئومێد دەكەین حكومەتی هەرێم پابەندی بودجە بێت، بەڵام ئەگەر پابەندیش نەبێت ئەوە رێوشوێنی دیكە هەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران.

روونكردنەوەی زیاتری داو وتی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هێڵی سورەو بەهیچ شێوەیەك نابڕدرێت، ئێستاش گفتوگۆی گەرم هەیە لەوبارەیەوەو ئاماژە بەوەكراوە كە نابێت قسە لەسەر بڕینی ئەو بڕە پارەیە بكرێت كە تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی وت: رۆژی‌ چوارشەممەی رابردوو سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی لێژنەی دارایی كردو جەختی كردەوە كە نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەپڕۆژە یاسای بودجە ببڕدرێت.

ئاشكراشیكرد، لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەرێم بەیاسای بودجەوە، ئەوە لەشایستەكانی تر بێبەش دەبن، بەڵام بودجەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران نابڕدرێت و بەردەوام دەبێت.