حاكم رزگار بێده‌نگی ده‌شكێنێت و یه‌كێتی سوره‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی داد

شەممە, 12 کانونی دووەم 2019 11:47

یه‌كێتى سووره‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی دادی عێراق ، له‌به‌رامبه‌ردا حاكم رزگار بێده‌نگی ده‌شكێنێت و ئاشكرا ی ده‌كات وه‌ك كه‌سێكی بێلایه‌ن خۆی كاندید كردوه‌ بۆئه‌م پۆسته‌ .

به‌ختیار شاوه‌یس، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: ئێمه‌ تائێستا سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێویسته‌ كاندیدى یه‌كێتى بێت بۆ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زاره‌تى دادى عێراق، وه‌ تا ئێستا ناوى كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌ ره‌سمى نه‌نێردراوه‌ بۆ په‌رله‌مان، ئه‌و لیسته‌شى كه‌ ناوى حاكم رزگارى تێدایه‌ ته‌نیا له‌ میدیاكان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و به‌ ره‌سمى نه‌هاتووه‌ بۆ په‌رله‌مان.

 شاوه‌یس ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، پێویسته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ بكرێت و عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ ره‌سمى بینێرێت بۆ په‌رله‌مان و یه‌كلایى بكرێته‌وه‌.

له‌لایه‌ین خۆیه‌وه‌، حاكم رزگار حه‌مه‌ئه‌مین كاندیدى پۆستى وه‌زاره‌تى دادى عێراق، رایگەیاند: پێش ده‌ستپێكردنى پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق سایتێكى بۆ دانرا، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى خوازیارن پۆست وه‌ربگرن سیڤى بنێرن، منیش سیڤیم نارد بۆ ئه‌وه‌ى كاندیدبكرێم بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد، كه‌س به‌ ره‌سمى هیچى به‌ من نه‌وتووه‌ و له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكیش له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌م نه‌كردووه‌، وه‌ك كاندیدێكى بێلایه‌نیش سیڤیم ناردووه‌، چونكه‌ دادوه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كى بێلایه‌نه‌.

حاكم رزگار ئه‌وه‌شى بۆدوارۆژ ئاشكرا كردووه‌، سه‌رۆكى حكومه‌ت ناوى كاندیده‌كان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان ده‌كات و له‌وێ ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ببم به‌ وه‌زیرى داد خزمه‌تى یاسا و دادپه‌روه‌رى ده‌كه‌م، كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بزانم كێشه‌ى خه‌ڵك له‌و وه‌زاره‌ته‌ چیه‌ و هه‌وڵى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى هاووڵاتیان ده‌ده‌م، كاریش بۆ هه‌موو خه‌ڵكى عێراق به‌ گشتى و به‌تایبه‌ت هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م.

 ن.ش