سوپا كشاوه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌سوریا له‌ هه‌رێمی كوردستان جێگیر ده‌كرێن

شەممە, 12 کانونی دووەم 2019 12:56

سه‌باره‌ت به‌ده‌نگۆی جێگیربوونی سوپا كشاوه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌سوریا له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق هاته‌ده‌نگ و به‌رپرسێكی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ڕه‌تیناكاته‌وه‌ كه‌ له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر سه‌ربازگه‌ی ئه‌مریكی بونی هه‌بێت.

عه‌مید یه‌حیا ڕه‌سوڵ وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق ڕاگه‌یاند، "به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی ئێمه‌ كه‌ تائێستا لێی دڵنیانین، ئه‌و هێزانه‌ی سوپای ئه‌مریكا كه‌ له‌خاكی سوریا ده‌كشێنه‌وه‌، دێنه‌ هه‌رێم و له‌سه‌ربازگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌و سوپایه‌ جێگیرده‌كرێن".

وتیشی:"(100%) دڵنیانین له‌و زانیارییانه‌ و تائێستاش ئه‌مریكا پشتڕاستی نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام قسه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا، به‌ڵكو له‌ناوچه‌یه‌كی سه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستان جێگیربكرێن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق بۆ تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی وتی"هیچ زانیارییه‌كمان له‌باره‌ی بونی سه‌ربازگه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر نییه‌، به‌شێوه‌یه‌ك نه‌ ده‌توانین ڕه‌تیبكه‌ینه‌وه‌و نه‌ ده‌شتوانین پشتراستی بكه‌ینه‌وه‌".

 

ر.ق