نیوه‌ی زیاتری داهاتی نه‌وتی هه‌رێم بۆكۆمپانیا توركیه‌كان بوه‌

شەممە, 12 کانونی دووەم 2019 13:54

 له‌ راپۆرتێكدا رێکخراوێکی تایبەت بە زانیاریی نەوت ئاشکرای دەکات، به‌درێژایی‌ ساڵی‌ (2017) زیاتر له‌نیوه‌ی‌ داهاتی‌ ‌نه‌وتی هەرێمی کوردستان بۆ خه‌رجی‌ و رسومات چوه‌، كه‌ (50.8%)ی كۆی‌ گشتی‌ داهاته‌كه‌ی‌ پێكده‌هێنێت

رێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی هەرێمی کوردستان له‌ راپۆرتێكدا ده‌ست كوردیو كه‌وتوه‌،تیادا هاتوه‌"  ساڵی (2017) کۆی داهاتی نەوتی هەرێم پێش دەرکردنی خەرجی و رسوماتەکان حەوت ملیار و (923) ملیۆن و (634) هەزار دۆلار بوە، بەڵام (50.8%)ی داهاتەکەی بۆ خەرجی و رسومات رۆیشتوە، بەوەش ئەوە بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان ماوەتەوە تەنها سێ ملیار و (891) ملیۆن و (513) هەزار و (211) دۆلار بووه‌.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، زۆرینەی ئەو خەرجیانەی دەچن بۆ رسومان پەیوەست بە کڕیارانەوە بۆ کۆمپانیا تورکییەکان دەچێت کە پێکدێت لە (کرێی گواستنەوە و ئەمبارکردن و چاکسازیی کردن) و تەنها لە شەش مانگی کۆتایی ساڵدا (333) ملیۆن و (940) هەزار دۆلار بۆ کۆمپانیا تورکییەکان چوە، كه‌ هه‌ردووو کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی تورکیا بون.

سەبارەت بە نرخی نەوتیش لە ساڵی (2017)، رێکخراوی دۆر ئاشکرای کردوە، مانگی حوزەیرانی ئەو ساڵە نەوت کەمترین نرخی تۆمارکردوە و گەیشتوەتە (35.40) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و مانگی کانونی یەکەمیش نەوتی هەرێم بەرزترین نرخی تۆمارکردوە و گەیشتوەتە (52.67) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ن.ش