به‌ر پرسێكی یه‌كێتی باس له‌سزادانی كادیره‌كانی ده‌كات له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێر

13/01/2019 - 15:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
دوای ئه‌وه‌ی هه‌رده‌وو حزبی باڵا ده‌ست له‌ هه‌رێمی كوردستان كادیری یه‌كتریان ده‌ستگیر كرد و دوای ماوه‌یه‌ك دیل به‌دیلیان پێكرا و ئازاد كران، له‌ ئێستادا بەرپرسێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ژمارەی كادیرە گیراوەكانی حزبه‌كه‌ی لە سنوری هەولێر ئاشكرادەكات و رایده‌گه‌ینێت بە توندترین شێوە سزادراون.

(ڕەشاد گەڵاڵی) بەرپرسی كۆمیتەی مەخمووری یەكێتی ڕایگەیاند: لەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردن لەپێناو گوشار خستنەسەر پێگەی جەماوەری یەكێتی، پارتی لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی مخموور هەنگاوی نا بەئاڕاستەی دەستگیركردنی هەڤاڵانمان لەسەرەتای مانگی (٩ ) تا ئەمڕۆ پێنج هەڤاڵی یەكێتی لەمخموور دەستگیركراون.
 
بەرپرسی كۆمیتەی مەخمووری یەكێتی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، ئەو كادیرانە لەماڵ و لەسەر شۆستە و لەنێومارێكت و لەبازگەكان دوای سوكایەتی و بێڕێزییەكی زۆر ڕفێندراون بێ ئەوەی یەك نوسراوی پۆلیس یاخود دادگایان پێ بێت یاخود ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت ڕاپێچی ژوورە تاریكەكان دەكرێن بەناشیرین ترین شێوەش كەهاوتای نیە لەم سەردەمە لەجیهاندا.
گه‌ڵاڵی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، لەدوای دەستگیركردن تاوان باردەكرێن بەدووشت ئەمانیش مادەی هۆشبەر، مادەی چواری تیرۆر كەهەردووكیان دوورن لەڕاستی و تەنها بۆ شێواندنی ڕاستیەكانە.
به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی باس له‌ سزادانەكانده‌كات و ده‌ڵێت : سزادانی گرتووەكان بەشێوازو كەرەسەی نوێی بەردەستە لەنێو گرتووخانەكان بۆنمونە ئەحمد سمایل حمد لەژێر ئەشكەنجەدا جوگمەكانی شانی لەبەریەك دەرچووەو هەردوو قاچیشی لەپێشوو شكاوە.
 
ره‌شاد گه‌ڵاڵێ ئه‌وه‌شی  بۆسپی میدیا  ئاشكرا كردوه‌، كام سەركردەو كام پاڵەوانی ئێستا لەنێو مەڵبەندو لقەكان و لەنیو سەركردایەتی هەردوو حزب و بەكاندیدەكانی ئێستاو پێشووی كابینەكانی ئەنجومەنی وەزیران كامەیان بەرگەی ئەوسزاو ئازارانە و بێ ڕێزییانەی نێو گرتووخانەكانی ئاسایش دەكەن لەپارتی و یەكێتی؟، بۆیە بەدەنگێكی بەرز پەیامی خۆمان ئاڕاستەی سەركردایەتی هەردوو حزب دەكەین و دەڵێین، فریامان كەون لەدەست نەزانین و بێ ئاگایی ئەفسەرو بەڕێوەبەرەكانی ئاسایش كەبوونەتە هۆكار گەلێك بەئاڕاستەی بێ ڕێزی كردن بەرامبەر جەماوەری بێ كەس و پشتیوان لەنێو ئیدارەو حزبدا.
 
 بەرپرسەی یەكێتی  ناوی گیراوانی حزبەكەی و بەرواری دەستگیركردنیان لەو سنورە ئاشكراكرد كە ئەمانەن: غانم صباح نادر ١٧/١٢/٢٠١٨ ، ڕێبازكمال عبداڵلە ٢٥/١١/٢٠١٨ ، محمد ڕەشۆنامیق ٤/١١/٢٠١٨ ، احمد سمایل حمد ٣/٩/٢٠١٨ ، فتحی صدیق عزیز ٣/٩/٢٠١٨.
 
ئەوەش لەكاتێكدایە ئاسایشی هەولێر رەتیدەكاتەوە، هیچ ئەندامێكی یەكێتی لەلای ئەوان مابێت و لەسەر پرسی سیاسی گیرابێت.
 
د.تارق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاندووە ئێستا هیچ ئەندامێكی یەكێتی لەسەر پرسی سیاسی لەلای ئێمە دەستگیر نەكراوە، بەڵام ئەگەر كەسێك سەرپێچییەكی یاسایی هەبێت ‌و بڕیاری دادگا هەبێت بۆ دەستگیركردنی ئەوا دەستگیر دەكرێت، جا ئەو كەسە سەر بە هەر حیزبێك بێت ئەوە لەلای ئێمە گرفتێك نییە.
 ن.ش