زانیاری نوێ لەبارەی لەسەر کەیسی سێوان قادر ئاشکرا دەكرێت

14/01/2019 - 10:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

له‌سه‌ر داوای که‌سوکاره‌که‌ی، که‌یسه‌که‌ی "سێوان قادر" له‌ دادگای چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌، بۆ دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی.

  

له‌وباره‌یه‌وه‌ پارێزه‌ر سامی ساتی، رایگه‌یاند، "هه‌رچه‌نده‌ دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی چه‌مچه‌ماڵ زۆر به‌ باشی و بێلایه‌نی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ که‌یسی سوتانی (سێوان قادر) کردووه‌ و به‌رده‌وامیشه‌ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌ڕاوه‌که‌ به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ڕاستی رووداوه‌که‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن که‌سوکاره‌که‌یه‌وه‌ داوای گواستنه‌وه‌ی په‌ڕاوه‌که‌ کراوه‌".


وتیشی: "له‌لایه‌ن سکاڵاکاران که‌ به‌مافی که‌سی (سێوان قادر)داواکراوه‌، دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی نووسراوێکی ئاڕاسته‌ی دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی چه‌مچه‌ماڵ کردووه‌، به‌مه‌به‌ستی بڕیاردان له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی په‌ڕاوه‌که‌ بۆ دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی/1، به‌پێی زانیارییه‌کانمان رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ په‌ڕاوه‌کان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ دادگای سلێمانی".


سامی له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بۆی هه‌یه‌ که‌یسه‌که‌ نه‌گوازرێته‌وه‌، چونکه‌ دواجار ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌بدات ئه‌و که‌یسه‌ له‌ دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی بێت بۆ ته‌واوکردنی لێکۆڵینه‌وه‌، یاخود دادگای چه‌مچه‌ماڵ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌کانیان".


سه‌باره‌ت به‌ ئازادکردنی تۆمه‌تبارانی که‌یسه‌که‌ ئه‌و پارێزه‌ره‌ وتی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هیچ که‌س له‌تۆمه‌تباران ئازاد نه‌کراوه‌، ئه‌وه‌شی لێدوانی وای دابێت زانیاری ته‌واوی له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ نیه‌ و زانیارییه‌کی هه‌ڵه‌ی داوه‌".


سامی ساتی که‌ له‌هه‌مان کاتیشدا پارێزه‌ری تۆمه‌تباری دووه‌می که‌یسه‌که‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌تۆمه‌تباره‌که‌ی ده‌ڵێت: " هه‌رچه‌نده‌ زووه‌ باس له‌ ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کان بکرێت، به‌ڵام تۆمه‌تباری دووه‌م به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌کان بێت هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌دژی نیه‌ و ته‌نها به‌هۆی نزیکی له‌ڕووداوه‌که‌ تۆمه‌تبارکراوه‌ و جگه‌ له‌و سکاڵایه‌ی له‌لایه‌ن سکاڵاکاران به‌مافی که‌سییه‌وه‌ لێیکراوه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌دژی نیه‌".


هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کە تۆمەتباری دووەمی کەیسی سێوان قادر ئازادکراوە، بەڵام پارێزەری ئەو تۆمەتبارە هەواڵی ئازادکردنەکەی بەدرۆدەخاتەوە.


ئێواره‌ی رۆژی 16ی کانوونی یه‌که‌می ساڵی رابردوو به‌هۆی ئاگرێکی گوماناوی له‌ماڵێکی گه‌ڕه‌کی ئاسووده‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ سێ منداڵ به‌ناوه‌کانی به‌ناوه‌کانی (دارین، لارین و ده‌وه‌ن) که‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 5 ساڵ و 3 ساڵ و 6 مانگدا بوو گیانیان له‌ده‌ستدا و دایکیشیان دوای هه‌فته‌یه‌ک له‌مانه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی زۆری و سه‌ختی برینه‌که‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 24ی هه‌مان مانگ گیانی له‌ده‌ستدا باوکی سێوانیش هاوسەری کچه‌که‌ی تۆمه‌تبار ده‌کات به‌و رووداوه و ده‌ڵێت: "کچه‌که‌م و هه‌رسێ منداڵه‌که‌ی سوتاندووه‌".

 

 

 

 

 

 

دواڕۆژ