ئاسیاسێڵ نرخی ئۆڤەری سیمكارتە نوێیەكەی بەرزدەكاتەوە

15/01/2019 - 13:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - سلێمانی


لەدوای ئەوەی كۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵ سیمكارتێكی‌ تایبەتی‌ بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرد بەئۆڤەرێكی‌ نوێوە، لەئێستا نرخی ئۆڤەرەكە بەرزكراوەتەوەو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش بانگهێشتی نوێنەری كۆمپانیاكە دەكات.


مەهدی مەحمود سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە كوردیو ڕایگەیاند: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە ڕێگەی‌ كورتەنامەوە بەشێك لە هاوبەشەكانی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئاگاداركراونەتەوە كە لە24ی‌ ئەم مانگەوە هەر هاوبەشێك سیمكارتە نوێیەكەی وەرگرتبێت دەبێت مانگانە بەباڵانسی‌ 10 هەزار دیناریی‌ پڕی بكاتەوە، ئەوكاتیش هەر بەهەمانشێوە بۆ مانگێك كارا دەبێت.


هەروەها ووتیشی: لەسەر ئەو پرسە ژمارەیەك لەئەندامانی‌ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتێكمان بۆ دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ بەرزكردۆتەوە تاوەكو داوا لەبەڕێوەبەری‌ گواستنەوەو گەیاندن و نوێنەری‌ ئاسیاسێڵ بكرێت بۆ ئەوەی‌ ڕۆژی‌ یەكشەممە بێنە ئەنجومەن و وردەكاری‌ ئەو پرسەمان پێ بڵێن.


جێگەی ئاماژەبۆكردنە لەماوەی ڕابردوودا كۆمپانیای ئاسیاسێك سیمكارتێكی‌ تایبەتی‌ بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرد بەئۆفەرێكی‌ نوێ و بۆ هەر مانگێكیش بەشەش هەزار دینار كارا دەكرا، بەڵام لەئێستادا لەڕێگەی كورتەنامەیەكەوە بەشداربوانی ئەو هێڵە ئاگاداركراونەتەوە كە لە24ی ئەم مانگە ئەو ئۆڤەرە بەبڕی 10 هەزار دینار نوێ دەكرێتەوە.

 

 

 

 

س ب