لیژنەی دارایی پێشنیازی دوو شێوازی بۆ ناردنی سێ مووچە کە لەبەغداوە دەخاتەڕوو

19/01/2019 - 07:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران روونكردنەوە لەبارەی چارەنووسی سێ مووچە نەدراوەكەی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەدات و ئەندامێكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت: "بەدوو رێگە بودجەی پێویست بۆ ئەو سێ مووچەیەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەكرێت".


د.جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: "تائێستا لە پڕۆژە بودجەی 2019ی عیراقدا هیچ بڕگەیەك ئاماژە بە تەرخانكردنی پارە بۆ ئەو سێ مووچە نەدراوەی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێم نەكراوە، بەڵام ئەگەر بەغدا بیەوێت دەتوانرێت پارەی پێویست بۆ مووچەی ئەو سێ مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات".

 

هەروەها دەڵێت: "دەتوانرێت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عیراق بەدوو میكانیزم بودجەی پێویست بۆ ئەو مووچە نەدراوانە تەرخان بكرێت".

 

سەبارەت بە میكانیزمەكانیش روونیكردەوە کە "شێوازی یەكەمیان بریتییە لە رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ناردنی پارەیەكی زیاتر كە بخرێتە سەر پشكی هەرێم لە بودجەی 2019دا".

 

روونیشیکردووە کە ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە دەتوانرێت ئەو پارەیەی بۆ مووچەی ئەو سێ مانگەیە، گواستنەوەی بۆ بودجەی 2019 پێ بكرێت و دواتر قەرەبووی ئەو مووچە نەدراوانەی پێ بكرێتەوە".

 

هەروەک ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا بگاتە رێكەوتن، پارەكە تەرخان دەكرێت و بەوەش سێ مووچە نەدراوەكەی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە دابین دەكرێت".