چارەنووسی موچەی 11 و 12 ئاشكرادەكرێت

19/01/2019 - 07:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

تائێستا وەزارەتی "دارایی" هیچ بڕیارێكی نوێی لەبارەی موچەی مانگەكانی 11 و 12ی ساڵی رابردوو نەداوە، ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت: دووشەممە دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت، ئەگەر پەسەند بكرێت، ئەوا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەئەمساڵدا دواناكەوێت و پاشەكەوتیش لادەبرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كان، تائێستا وەزارەت هیچ بڕیارێكی نەداوە لەسەر موچەی مانگەكانی (11، 12)ی ساڵی رابردوو، ئایا پاشەكەوت بكرێت و لەمانگی داهاتووەوە موچەی مانگی (1)ی 2019 بدرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە چاوەڕواندەكرێت لەمانگی داهاتووەوە عیراق بەپێی بودجەی 2019 موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات، كە بڕەكەی بۆ 454 ملیار دینار زیادكراوە لەگەڵ 68 ملیار دینار بۆ موچەی پێشمەرگە.


لای خۆیه‌وه‌ سەلیم شوشكەیی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: واچاوەڕوان دەكرێت رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر بودجەی 2019ی عیراق بدرێت، كە شتی باشی بۆ هەرێمی كوردستان تێدایە، ئەگەر دووشەممە دەنگی پێویستی بهێنێت، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەئەمساڵدا موچەكانیان دواناكەوێت و پاشەكەوتی موچەش نامێنێت.


وتیشی:"حكومەتی هەرێم پابەند بێت بەڕادەستكردنی 250 هەزار بەمیل نەوت یان نا، حكومەتی عیراق بڕی 454 ملیاری موچەی فەرمانبەران و 68 ملیاری موچەی پێشمەرگە رەوانە دەكات".


رونیشیكرده‌وه‌، لەدوای دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بودجە، لەماوەی 15رۆژدا دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لەمانگی (1)ەوە موچەی فەرمانبەران خەرج دەكات.