ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی: پارتی و یەكێتی دوورن لەڕێكەوتن

21/01/2019 - 08:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت: یەكێتی ئامادەنیە بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا بكات تاوەكو پارێزگاری كەركوك وەرنەگرێت بۆیە پارتی و یەكێتی دوورن لەڕێكەوتن.

 


قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایگەیاند: پارتی و یەكێتی دوورن لەڕێكەوتن، چونكە پارتی ڕازی نیە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت دەیەوێت دوای بخات بۆ دوای پێكهێنانی حكومەت، یەكێتیش بەمە ڕازی نیە دەیەوێت هەموو كێشەكانی هەولێر و بەغداد و كەركوك یەك "پاكێج" بن.

 


هەروەها ووتیشی: ناكرێت لەهەولێر ڕێك بكەوین بۆ پێكهێنانی حكومەت بەڵام لەكەركوك پارتی دژ و ڕێگر بێت لەبەردەم پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی یاخود دژی پێدانی پۆستی وەزارەتی داد بێت بەیەكێتی.

 

 

قادر عەزیز كە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ووتیشی: كێشەی سەرەكی ئێستای نێوان پارتی و یەكێتی پارێزگاری كەركوكە، چونكە ئەوە ساڵێك زیاترە دۆخی كەركوك بەوجۆرەیه پارێزگاری كەركوك لەهەمانكاتدا سەرۆكی لیژنەی ئەمنی شارەكەشە، پارتی ژمارەیەك ئەندامی هەیە لەناو ئەنجومەنی پارێزگا، كە پارێزگار لەوێوە هەڵدەبژێردرێت.

 

 

ئەوەشی خستەڕوو: بەبێ ئەوەی پێشتر پۆستی پارێزگار لە كەركوك بدرێت بە یەكێتی ، یەكێتی ئامادە نیە بەشداری لەم حكومەتەدا بكات.

 

 

دەربارەی كاریگەری بەشداری نەكردنی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم ؟ ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وتی:" كاریگەری هەرچیەك بێت نازانم بەڵام پارتی بەرپرسە لەكاریگەرییەكان، چونكە یەكێتی داوای ئیستحقاقی خۆی كردووە نەك شتێكی "نایاسایی و ناشەرعی"، پارتی بۆ لەهەولێر داوای ئیستحقاقی خۆی دەكات بۆ لەكەركوك و بەغداد ڕازی نیە بۆ یەكێتی؟ ئەمە چ جۆرە سیاسەتێكە؟ چۆن حكومڕانی هاوبەش بەوشێوەیە دەكرێت؟!"

 

 

قادر عەزیز ئاماژەی بەوەشكرد:" بابەتی پۆستی پارێزگار بەلای یەكێتیەوە هێڵی سورە بەهیچ جۆرێك سازشی لەسەر ناكات چونكە پەیوەندی هەیە بە چارەنوسی خەڵكی كەركوكەوە، ئەگەر پارتی دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی دۆست بێت بەیەكەوە حكومڕانی كوردستان بكەن نابێت دژی ئەم " ئیستحقاقە"ی یەكێتی بێت، ناكرێت لە هەرێم دۆست بین و لەكەركوك و بەغداد ناحەز و ناكۆك بین."

 

 

 

س ب