یەكێتی: پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم بەندە بە كەركوكەوە

22/01/2019 - 14:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 


ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت بەهۆی ئەوەی پارتی ڕازی نیە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پەكی كەوتووە.


قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: " كێشەی سەرەكی ئێستای نێوان پارتی و یەكێتی پارێزگاری كەركوكە، چونكە ئەوە ساڵێك زیاترە دۆخی كەركوك بەوجۆرەیه پارێزگاری كەركوك لەهەمانكاتدا سەرۆكی لیژنەی ئەمنی شارەكەشە، پارتی ژمارەیەك ئەندامی هەیە لەناو ئەنجومەنی پارێزگا، كە پارێزگار لەوێوە هەڵدەبژێردرێت، بۆیە ئەگەر پارتی ئامادە نەبێت یەكێتی ئەو "ئستحقاقەی" خۆی بەدەست بهێنێت كە پۆستی پارێزگاری كەركوكە باشە بۆچی دەبێت یەكێتی لەحكومەتێك بەشداری بكات كە هیچ دەسكەوتی بۆ ئەو نەبێت"


وتیشی" یەكێتی دەیەوێت هەموو كێشەكانی هەولێر و بەغداد و كەركوك یەك "پاكێج" بن ناكرێت لەهەولێر ڕێك بكەوین بۆ پێكهێنانی حكومەت بەڵام لەكەركوك پارتی دژ و ڕێگر بێت لەبەردەم پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی یاخود دژی پێدانی پۆستی وەزارەتی داد بێت بەیەكێتی، ناكرێت ئەمانە بەڕاستی دەبێت دۆستایەتی دۆستایەتی بێت و دژایەتی دژایەتی بێت لەبەر ئەوە بەبێ چارەسەركردنی پرسی كەركوك كە پارێزگار بدرێت بەیەكێتی، یەكێتی تا ئێستا بڕیاری نیە لەم حكومەتە بەشداری بكات."