به‌رپرسێك نهێنی گران بوونی غاز له‌ هه‌ولێر ئاشكرا ده‌كات

22/01/2019 - 15:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو غاز له‌شاری هه‌ولێر گران بوو، بەرپرسێک ، چەند زانیارییەک ئاشکرا دەکات و رایده‌گه‌ینێت، کۆمپانیایەك بەشەغازی کوردستان بۆ ئێران دەبات.

(بەختیار عەبدوڵا پشدەری) بەڕێوەبەری کارگەی غازی ھەولێر  رایگەیاند: ھۆکاری گرانبوونی غازی ماڵان، بۆ چەند لایەنێک دەگەڕرێتەوە،یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ پێویستە ئێمە رۆژی ھەینیش غازمان بۆ بێت، بەڵام ئەو کۆمپانیایەی تەندەری غازەکەی بۆ دەرچووە، رۆژانی ھەینی بەشە غازمان پێ نادات، پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا بکات، بەڵام سامانە سروشتییەکان بە تەنگ سکاڵاکانی ئێمەوە نەھاتووە.

به‌رێوبه‌ری كارگه‌ی غازی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، غازی حکوومی گران نەبووە، بەڵکوو غازی بازرگانی گران بووە، ئەوەیش لەبەر ئەوەیە غازەکە دەچێتە ئێران، پێویستە بەشی پێداویستیی غاز بۆ ناوخۆ بێت و نەچێتە ئێران، بەڵام لە رێگەی باشماخ غازی شل لە لایەن کۆمپانیایەک بە ناوی (گۆڵدن جۆکەر) دەبردرێتە ئێران، ئەو بابەتەش کاریگەریی لەسەر ھەولێر دروست کردووە، چونکە لە بەشی ھەولێرە دەچێتە ئێران.

 عه‌بدوڵا پشده‌ری ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، پێویستی غازی ھەولێر دابین نەکراوە،رۆژانە ٢١٠ تەن غازی شلمان بۆ دابین دەکرێت، لەکاتێکدا زستانان پێویستمان بە (٤٠٠) تەن ھەیە و ئەو جیاوازییەی ھەیە بە غازی بازرگانی بۆمان پڕ ده‌كاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌گران بوونی نرخی غاز بۆ(16) هه‌زار ، بەختیار عەبدوڵا رایگه‌یاند :ئیستیغلالەکە ھەندێک غازفرۆش کردوویانە و ئەم ھەفتە چاک دەبێت و قایمقامیەت ھاتووەتە سەر خەت، بۆ غازی بازرگانی ئێمە لە کارگەکان بە ٧ ھەزار و ٥٠٠ دینار پێیان دەدەین و ئەوان بۆیان ھەیە بە ٨ ھەزاری بدەن، لەوە زیاتر لێیان قبوڵ ناکەین.

ئه‌وه‌شی بۆباسنیوز ئاشكرا كردوه‌، رێکاری توند بەرامبەر بریکارەکانیان دەگرنە بەر، لە کاتی گرانفرۆشیی غازدا: «ھەر بریکارێکی ئێمە غاز بە گرانتر لە ٧ ھەزار و ٥٠٠ دینار بفرۆشێت، ئەوە یەک ملیۆن دینار غەرامە دەکرێت و بریکارییەکەشی لێ وەردەگیرێتەوە، ئەوەی ئیستیغلال بکات سزا دەدرێت.

 ن.ش