به‌رپرسێكی گۆران : ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتی تێڕوانینی جیاوازمان هه‌یه‌

22/01/2019 - 15:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ هه‌ردوو حزبی پارتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پیرمام كۆبونه‌وه‌ ،ئه‌ندامێكی شاندی دانووستانكاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌كات و رایده‌گه‌ینێت: له‌سه‌ر میكانیزمی چاكسازی له‌ حكومه‌تی داهاتوو جیاوازیمان هه‌یه‌ .

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا  دانا عەبدولكەریم، ئەندامی شاندی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان  رایگه‌یاند: لەگەڵ شاندی پارتی كۆبوونەوەیەكی راشكاوانەمان كردووە و لێكتێگەیشتنی باش هه‌بووه‌ لە نێوانیاندا و باسمان لە میكانیزمەكانی پێكھێنانی حكومەت و چاكسازییه‌كان كردوە.

سه‌باره‌ت به‌و چاكسازییانه‌ی كه‌ گۆڕان له‌ پارتی داوایكردووه‌، دانا عه‌بدولكریم ئاشكرای كرد، ئێمه‌ و پارتی له‌سه‌ر میكانیزمی چاكسازی له‌حكومه‌تی داهاتوو تێڕوانینی جیاوازمان هه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت چاكسازی گشتگیربێت و له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ بێت، به‌ڵام پارتی شتێكی دیكه‌ ده‌ڵێت و تێڕوانینی ئه‌وان به‌وشێوه‌یه‌یە كه‌ چاكسازی له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ بكرێت.

به‌رپرسه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، هیوادارن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوودا بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداری كابینه‌ی نوێ ده‌كه‌ن، بتوانن خزمه‌ت بكه‌ن.

 ن.ش