به‌بێ هاوكاری حكومه‌ت مه‌حاڵه‌ نرخی به‌نزین هاوشێوه‌ی به‌غدای لێناكرێت

22/01/2019 - 15:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

پارێزگای سلێمانی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ نرخی به‌نزین هاوشێوه‌ی عیراقی لێبكرێت و یه‌ك لیتر به‌ 450 دینار بفرۆشرێت، وته‌بێژی به‌نزینخانه‌كانی سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌بێ پاڵپشتی حكومه‌ت، مه‌حاڵه‌ به‌نزین بۆ ئه‌و نرخه‌ هه‌رزان بكرێت.

به‌همه‌ن قادر، وته‌بێژی به‌نزینخانه‌كانی سلێمانی راگه‌یاند: پارێزگاری سلێمانی ده‌یه‌وێت نرخی به‌نزین هاوشێوه‌ی شاره‌كانی عیراق بكرێت به‌ 450 دینار، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وت، به‌جۆرێك كه‌ ئه‌وانه‌ به‌نزین ره‌وانه‌ی سلێمانی بكه‌ن، پاشان له‌ڕێگه‌ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ر به‌نزینخانه‌كاندا دابه‌شبكرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێبكرێت، له‌قازانجی ئێمه‌دایه‌ وه‌كو به‌نزینخانه‌كان".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا به‌بێ پاڵپشتی حكومه‌ت ده‌توانرێت نرخی به‌نزین بۆ 450 دینار دابه‌زێنرێت، به‌همه‌ن قادر بۆ تۆری هه‌واڵی سلێمانی ده‌ڵێت: "شتی وا مه‌حاڵه‌ رووبدات، ده‌بێت حكومه‌ت خۆی به‌نزینمان به‌نرخێكی كه‌متر پێبدان، بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بیده‌ین به‌ (450) دینار، چونكه‌ به‌نزینی بازرگانی په‌یوه‌ندی به‌نرخی بۆرسه‌ی جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك رووبدات، ره‌نگه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی ئێستا بێت".

 

ر.ق