سێ فراكسیۆن ده‌نگ به‌كابینه‌ی نوێ حكومه‌ت ناده‌ن و كۆمه‌لیش خۆی یه‌كلا نه‌كردۆته‌وه‌

22/01/2019 - 17:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی  له‌كاتی كۆتایی هاتنی كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆران رایگه‌یاند هه‌رسێ حزبی پارتی و یه‌كێتی و گۆران له‌سه‌ر كارنامه‌ی حكومه‌ت رێكه‌وتوون، كاتی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نزیك بۆته‌وه‌و له‌ ئێستادا سێ فراكسیۆن بریاریان داوه‌ ده‌نگ به‌و كابینه‌یه‌ نه‌ده‌ن، به‌ڵام فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی  له‌ په‌رله‌مانی كوردستان خۆی یه‌كلا نه‌كردۆته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی تا ئێستا چاوه‌روانی شاندنی دانوسانكاری پارتی ده‌كات .

(شێركۆ جەودەت) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی  لەپەرلەمانی كوردستان بە كوردیوی راگەیاندبوو :  ئێمه‌ هەر زوو بڕیارماندا  ببینە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا، بۆیە لەئێستاشدا هەر كەسێك جێگر بێت یاخود سەرۆك وەزیران یان وەزیرەكان بێت دەنگی پێنادەن، چونكە ئۆپۆزسیۆنن.

 به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی كوردیو ، هه‌ردوو فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ و حزبی شوعی ده‌نگ به‌ به‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم ناده‌ن .

هه‌رسێ فراكسیۆن (15) كورسی په‌رله‌مانیان هه‌یه‌ .

كوردیو ئه‌وه‌شی زانیوه‌ هه‌رچی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌ تا ئێستا خۆی یه‌كلا نه‌كردۆته‌وه‌، چونكه‌ حزبه‌كه‌ی چاوه‌روانی شاندی دانوساندكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات ، ئه‌گه‌رچی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو راگه‌یاندنه‌كان باسی ئه‌وه‌یان كرد، شاندی پارتی سه‌ردانی كۆمه‌ڵ ده‌كات.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ شوان رابه‌ر بریار ده‌ری ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵ به‌تۆری هه‌واڵی سلێمانی راگه‌یاندبوو، هه‌ركاتێك پارتی‌ سه‌ردانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كردو داوای‌ به‌شداریكردنی‌ لێكردین له‌حكومه‌ت ئه‌وكات وه‌ڵامی‌ خۆمان ده‌ده‌ینه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا  كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ هه‌ڵوێستی‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ رانه‌گه‌یاندوه‌، ئاخۆ به‌شداری‌ حكومه‌ت ده‌كات یاخود نا.

 ن.ش