شێوازی دابەشکردنی موچەی پێشمەرگە دەگۆڕێت .. لەم مانگەوە جێبەجێدەکرێت

24/01/2019 - 09:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە لەم مانگەوە دابەشکردنی موچە لەڕێگەی بانکەوە جێبەجێدەکات، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت: مانگی رابردوو ئامادەکارییەکان تەواو نەکرابوو، بڕیارە ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەت لەڕێگەی سیستمی بانکییەوە موچە وەربگرن.

فەریق روکن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند: رێککەوتن لەگەڵ بانکێک کراوە، بۆئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە کە نزیکەی ٢٩٠ ئەفسەرن، بەشێوەیەکی ئەزموونی لەڕێگەی بانکەوە موچە وەربگرن.

وتیشی:"مانگی رابردوو ئامادەکارییەکان تەواو نەبوو بۆئەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەبانکەوە موچە وەربگرن، بڕیارە لەم مانگەوە ئەو شێوازی پێدانی موچەیە جێبەجێبکرێت".

راشیگەیاند: ئەفسەرەکان دەفتەر چەکیان بۆ دەکرێت و مانگانە بەو دەفتەر چەکە موچەکەیان وەردەگرن، چاوەڕێ دەکەین بزانین ئەنجامەکەی چۆن دەبێت، ئەوکاتە وردە وردە لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش ئەو میکانیزمی دابەشکردنی موچەیە جێبەجێدەکەین.

 

 

 

 

 

snn