دواین زانیاری - كاتی سوتانی ماڵی سێوان و منداله‌كانی، هاوسه‌ره‌كه‌ی چی كردووه‌؟

24/01/2019 - 14:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

تا ئێستا لێكۆلینه‌وه‌كان له‌سه‌ر دۆسیەی سوتانی سێوان قادر منداڵەكانی ته‌واو نه‌بوو و  تۆمەتباری سەرەكی تاوانه‌كه‌ش كه‌ هاوسەری سێوانه‌  چەند جارێك وتەكانی گۆڕیوە.

شەوی 16 كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، لە چەمچەماڵ ئاگر لە ماڵی سێوان قادر كەوتەوە، سێ منداڵی دەست بەجێ گیانیان لەدەستداو سێوان قادریش دوای هەفتەیەك مانەوەی لە نەخۆشخانەی ئیمرجنسی سلێمانی گیانی لەدەستدا.
بەتۆمەتی ئاگر تێبەردانیان لەلایەن پۆلیسەوە هاوسەری سێوان دەستگیركرا، دواتر لەسەر سكاڵای دایكی سێوان ژنێكی دراوسێشیان دەستگیر كرا. بەڵام تائێستا تۆمەتباری كەیسەكە نكۆڵی دەكات لەوەی ئەو تاوانەكەی ئەنجام دابێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی"زەمەن" لەسەر لێكۆڵینەوەكان دەستی كەوتووە كاتژمێر پێنج‌و نزیكەی سێ كاتژمێر پێش ڕووداوەكە كێشە لە نێوان سێوان‌و هاوسەرەكەیدا دروستبووە، كاتژمێر حەوت‌و 48 دەقیقە تۆمەتبار لەماڵ دەردەچێت‌و كاتژمێر حەوت‌و 51 دەقیقە واتە دوای سێ خولەك ئاگر لەماڵ سێوان بەرز دەبێتەوە.
"بەپێی ئەو گرتە ڤیدۆییانەی لە كامێراكانی چاودێرییەوە دەست پۆلیس كەوتووە لەماوەی ئەو سێ خولەكەدا ئاگر لە قاتی دووەمی ماڵی سێوانەوە بەرز دەبێتەوە، تۆمەتبار لە كامێراكاندا دەردەكەوێت كە لەسەر كۆڵانی ماڵ خۆیانە كاتێك خەڵك بەرەو ماڵ ئەوان ڕِادەكەن ئەو ناگەڕێتەوە"، ئەوەش بەوتەی كەسێكی ئاگادار كە گرتەكانی بینیوە.
لە لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە ئیفادەكانی سێوان قادر كە داویەتی لەگەڵ چۆنێتی ڕووداوەكەدا هاوتان، بەڵام ئیفادەی تۆمەتبار ناڕاستن لە ئیفادەكانیدا جارێك وتویەتی "كاتی ئاگر كەوتنەوەكە لە دوكان بووم جارێك وتویەتی لەماڵ باوكم بوم، لەكاتێكدا لە كامێراكاندا دەردەكەوێت لەسەر كۆڵانەكەی ماڵی خۆیانە".
شوانە قادر، برای سێوان قادر ده‌لێت "بەڵگەی تەواو كۆكراوەتەوە، ئێمەش چاوەڕێی بڕیاری كۆتاین، بەڵگەكان بای ئەوە دەبێت كە تۆمەتبار تاوانبار بێت".
وتیشی"هەر قسەیەك لە دەرەوە دەكرێت لەسەر ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان‌و ئەنجامەكانی دوورە لە ڕاستیەوە، هەتاوەكو ئێستا كارەكانی لێكۆڵینەوە بەباشی ڕۆیشتوەتە پێشەوە".
ڕووداوی سوتانی سێوان منداڵەكانی، كاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا‌و داوای ئاشكراكردنی تاوانبار‌و سزادانی كرا.
ڕەتكردنەوەی ئەنجامدانی تاوانەكە لەلایەن تۆمەتباری كەیسەكەوە بڕیارەكانی دادگای دواخستووە، دادگا بۆ ئاشكراكردنی تاوانەكە پشتی بە بەڵگەو ئیفادەو وتەی شاهیدەكان بەستووە.

ر.ق