سه‌باره‌ت به‌هه‌رزان كردنی كارتی مۆبایل وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی هه‌رێم رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

24/01/2019 - 15:30 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
دوای ئه‌وه‌ی له‌ راگه‌یاندنه‌كان باسی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی په‌یوه‌ندیه‌كان كرا ،له‌م باره‌یه‌وه‌ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم رونكردنەوە ده‌دات و بەرپرسێكی ئەو وەزارەتەش ئاشكرای ده‌كات، تائێستا بڕیاری كەمكردنەوەی نرخی كارتی مۆبایل و تۆڕەكانی پەیوەندییكردنیان دەرنەكراوە.

(ئومێد محەمەد) وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم  رایگەیاند: دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی كەمكردنەوەی نرخی پەیوەندییەكان و كارتی مۆبایل لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عیراقەوە، پەیوەندییم كردوە بەبریكاری وەزارەتەوە و ڕایگەیاندوە  تائێستا بڕیاری كەمكردنەوەی نرخی كارتی مۆبایل و تۆڕەكانی پەیوەندییكردنیان دەرنەكراوە.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، بڕیاری كەمكردنەوەی كارتی مۆبایل و تۆرەكانی پەیوەندیی  لەدەسەڵاتی وەزارەتی گواستنەوە نییە، بەڵكو دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق(  CMC ) بڕیار لەبارەی كەمكردنەوەی تۆڕەكانی پەیوەندی دەدەن و تائێستاش بڕیاری كەمكردنەوەی نرخەكانیان نەدراوە، بەڵكو تەنها لەراگەیاندن ئەو بابەتە باسی لێوەكراوە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم ئه‌وه‌شی بۆتۆری هه‌واڵی سلێمانی ئاشكرا كرد، كۆمپانیاكانی ئاسیاسێل و كۆڕەك تیلیكۆم و تۆڕەكانی دیكەی پەیوەندیی لەهەرێم پێشتر لەدەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراقی مۆڵەتی كاركردنیان وەرگرتوەو هیچ بڕیارێك بۆكەمكردنەوەی نرخی پەیوەندییەكانیان لە هەرێمی كوردستان و عیراق نەدراوە.

 ن.ش