هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2019، ورده‌كارییه‌كه‌ له‌ كوردیو بخوێنه‌وه‌

24/01/2019 - 16:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆ په‌رله‌مانى عێراق له‌ دانيشتنى ژماره‌ (28)ی له‌ شه‌وی 23 له‌سه‌ر 24ى كانونى دووه‌مى 2019 پرۆژه‌ياساى بودجه‌ى گشتى فيدراڵى عێراقى بۆ ساڵى دارايى 2019ى په‌سه‌ندكرد.

له‌ یاسای بودجه 2019 دا ، ماده‌ى (10) كه‌ لەدوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە زۆرينه‌ى شايسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌خۆرانى له‌خۆگرتووه‌.

بڕگه‌ى يه‌كه‌م، تەسویەکردنی شایستە داراییەکانی ساڵى 2004 تاكو ساڵى 2018ی نێوان حكومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكومه‌تى هەرێم، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵييه‌وه‌، بە هەژمارکردنی بەشی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی خەرجی راستەقینەی ساڵانی پێشوو کە لە حساباتی کۆتاییدا هاتووە، هه‌روه‌ها دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی موسادەقەی لەسەر کردوە.

بڕگەی دووەمى ماده‌ى (10)ى ياساى بودجه‌ى گشتى ساڵى دارايى 2019 چوار خاڵە:
(ا) حکومەتی هەرێم پابەنددەکات رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆ-وە هەناردەبکات، داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ش بچێتە خەزێنەی حكومه‌تى فیدراڵييه‌وه‌.

(ب) رێژەیەک لە پارەی تەرخانکراو بۆ هێزی وشکانی سوپای عێراق بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخاندەکرێت، بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی ئەم هێزانە بەوپێیەی بەشێکن لە پەیکەری ئاسایشی عێراق.

(ج) ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو رۆژانە بڕی 250 هەزار برمیل نەوت رادەستی کومپانیای سۆمۆ بکات، حکومەتی فیدراڵی بەردەوامدەبێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە.

(د) حکومەتی فیدراڵی و پارێزگاکانی هەرێم لەکاتی زیادبوونی رێژەی هەناردەکردنی نەوت کە لە مادەی (یەکەم -ب) لە یاسای بودجه‌ى گشتى فيدراڵيدا هاتووه‌، پابەنددەبن بە ناردنی ئەو زیادەیە بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت.

پرۆژه‌ياساى بودجه‌ى گشتى عێراق، له‌ (87) مادده‌ پێكهاتووه‌، دواى ئه‌وه‌ى به‌هۆى رێكنه‌كه‌وتنى لايه‌نه‌كانى ناو په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانى پارێزگاكانى عێراقه‌وه‌، چه‌ندين دانيشتنى په‌رله‌مانى بۆ دواخرا، شه‌وی رابردوو په‌رله‌مانى عێراق به‌ ده‌نگ و ئاماده‌بوونى 287 په‌رله‌مانتار په‌سه‌نديكرد.

 

ر.ق