مەڵبەندی دووی هەولێری یەكگرتوو، ئاهەنگی خێزانی ساڵیادی یەكگرتووی ساز كرد

10/02/2019 - 09:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

بە مەبەستی بەرز راگرتنی ساڵیادی ئیعلانكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، مەڵبەندی دووی هەولێری یەكگرتوو بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ژمارەیەك لە ئەندامی سەكردایەتی و كادیرو ئەندامانی رێكخستنی هەولێر، ئاهەنگێكی خێزانی ساز كرد.

سەرەتای ئاهەنگەكە بە مارشی برایەتی و بەچەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز لەلایەن (م. هێمن قادر) خوێندرایەوەو پاشان (م. فەرهاد مەلا ساڵح) بەرپرسی مەڵبەندی دووی هەولێر وتەی بەخێرهاتنی پێشكەشی ئامادەبوان كرد. 

دواتر (د. هادی عەلی) سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو، وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبوان كردو تێیدا ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی یەكگرتوو كرد لەمەڕ خزمەتكردن بە خەڵك و خاكی كوردستان و داكۆكی كردن لە ماف و دەسكەوتە رەواكانی گەلەكەمان. 

هەر لە ئاهەنگەكە رێزلێنان پێشكەشی پێشەنگانی كاروانی یەكگرتوو كرا كە تەمەنیان لە كاری بانگخوازی لە ناو ریزەكانی یەكگرتوو بەسەر بردووە كە هەر یەك لە (م. ئەحمەد حەمەدەمین و م. ئەحمەد عەبباسی و م. سوبحی داودی و م. شێخ فایق نامیق) بوون. 

هەر لە رێزلێنانەكان رێزلێنان پێشكەشی هەردوو خانەوادەی شەهیدی رێگای چاكەخوازی، (فوئاد چەلەبی و د. وشیار ئیسماعیل) كراو پاشانیش بەهۆی سەركەوتنەكانی یانەی وەرزشی ئاسۆ رێزلێنانیان پێشكەشكرا. 

هەر لە ئاهەنگەكەدا (م. حاجی كاروان) وەكو بانگخواز، وتەیەكی ئیمانی و پەروەردەیی پێشكەشی ئامادەبووان كردو ئاماژەی بە رۆڵی یەكگرتوو كرد لە پێگەیاندن و پەروەردە كردنی نەوەكانی ئەم گەلە لە سەر دەستپاكی و دڵسۆزی و خزمەتگوزاری بۆ نیشتمان. 

هەر لە میانەی ئاهەنگەكە هونەرمەند (ئەیاد موحەمەد) چەند گۆرانییەكی شادی و خۆشی لەگەڵ تیپی مۆسیقا پێشكەشی ئامادەبووان كرد. 

هەرلە ئاهەنگەكە لەلایەن خاتوو (حەبیبە ئەمین) شیعری ئەی یەكگرتوو پێشكەشی ئامادەبوان كراو ئاهەنگەش بەو جۆرە كۆتایی هات و ئامادەبوان دەستخۆشیان لە ستافی مەڵبەندو ئامادەكارانی ئاهەنگی ناوبراو كرد.

 

 

ئـ . كـ