ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی مژده‌ به‌هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌دات

10/02/2019 - 16:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاشكرای ده‌كات ، مژده‌ به‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ین مووچه‌كانیان چاك ده‌بێت ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌ هه‌نگاوه‌كانى جددی بێت و بندیواره‌كان له‌ ناو لیسته‌كانی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران ده‌ربكات..

د. جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو و ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند: له‌ ساڵی 2019-دا بڕی 10 ترلیۆن و 844 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمیش پابه‌ندبێت به‌ رێككه‌وتنه‌كانه‌وه‌ ئه‌وا بژارده‌ى ترمان ده‌بێت،  بودجه‌ی ساڵی 2019 ته‌واوبووه‌ و ته‌نیا ئه‌وه‌ ماوه‌ له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی عێراق بڵاوبكرێته‌وه‌ و بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردن.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی  ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: حكومه‌تى هه‌رێم به‌ به‌غدایان راگه‌یاندوه‌ ئه‌گه‌ر مانگانه‌ 600 ملیار دینارمان بۆ بنێرن ئێمه‌ هه‌موو كێشه‌كانی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران چاره‌سه‌رده‌كه‌ین، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ى 2019بۆ هه‌رێم دێت 648 ملیار دیناری مانگانه‌یه‌، بۆیه‌ مژده‌ به‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ین مووچه‌كانیان چاك ده‌بێت، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌ هه‌نگاوه‌كانى جددی بێت و بندیواره‌كان له‌ ناو لیسته‌كانی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران ده‌ربكات.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ شیروان میرزا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: له‌یاسای بودجه‌ی گشتی 2019ی عیراق به‌ ده‌ق هه‌یه‌ كه‌ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌نێوان ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی و نوێنه‌رانی فراكسیۆنه‌كان و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی نوێنه‌ران كراوه‌ له‌سه‌ر بودجه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌ ناردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌وه‌، ئه‌و كات ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ حكومه‌تی فیدراڵًی بۆ هه‌رێمی ده‌نێرێت ته‌نها ده‌بێت بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌كاربێت و نابێت بۆ هیچ شتێكی تر به‌كاربهێنرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌گه‌ڵ ناردنی یه‌كه‌م بڕه‌ پاره‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ هه‌ڵگرێت، بۆ ئه‌وه‌ش حكومه‌تی فیدراڵی له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری ده‌كات، تا بزانێت ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ بۆ مووچه‌ به‌كاردێت یان بۆ بابه‌تی تر.

وتیشی: له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پاشه‌كه‌وتی لانه‌بردو به‌رده‌وامبوو له‌سه‌ری ئه‌و كات حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش راده‌گرێت كه‌ بۆ مووچه‌ ده‌ینێرێت.

 ن.ش