به‌غدا مژده‌ به هه‌رێم ده‌دات

14/02/2019 - 15:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌خت له‌ سه‌ر به‌ڕێكه‌وتنی به‌غداو هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌  له‌باره‌ی راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ سۆمۆ و پێشتریش سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وتی عیراق رایگه‌یاند، هه‌رێم پابه‌ندبوونی خۆی راگه‌یاندووه‌ به‌ڕاده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ به‌ حكومه‌تی عیراق.  په‌رله‌مانتارێكی لیژنه‌ی داراییش رایده‌گه‌یه‌نێت"ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكه‌وتنه‌ كرابێت، ئه‌وه‌ مانگانه‌ نه‌ك 522 ملیار دینار، به‌ڵكو زیاتر له‌ 800 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت".

شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، راگه‌یاند: له‌ ئه‌گه‌ری پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ناردنی بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌كۆمپانیای سۆمۆ، ئه‌وه‌ عیراق پابه‌نده‌ به‌ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم كه‌ بڕه‌كه‌ی نزیكه‌ی 10 تریلیۆن و 800 ملیار دیناره‌.

وتیشی:"به‌وپێیه‌ مانگانه‌ حكومه‌تی عیراق زیاتر له‌ 522 ملیار دینار بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كات، چونكه‌ ئه‌وكات عیراق پابه‌ند ده‌بێت به‌ناردنی پاره‌ی موچه‌و بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان و پاره‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ زیاتر ده‌بێت له‌ 800 ملیار دینار".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره بۆ تۆری هه‌واڵی سلێمانی زیاتر وتی‌، راده‌ستكردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ به‌ سۆمۆ له‌قازانجی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، چونكه‌ نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌و 250 هه‌زار به‌رمیله‌ به‌ زیاتر له‌ 70 دۆلار حسابكراوه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ زیادبوونی نرخی نه‌وت، پشكی هه‌رێمیش زیاد ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و پارێزگایانه‌ی كه‌ ده‌روازه‌ی سنوورییان هه‌یه‌، پشكیان ده‌بێت له‌ بودجه‌.

ئاشكراشیكرد، چوار تریلیۆن دینار پاره‌ی بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كانه‌، كه‌ له‌هه‌ر تریلیۆنێك 126 ملیار دیناری پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌.

 

ر.ق