هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌م كارمه‌ندانه‌ پاره‌كه‌یان وه‌رده‌گرن

14/02/2019 - 16:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پاره‌ی كارمه‌ندانی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن ده‌ربڕی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی كۆمسیۆن رایده‌گه‌یه‌نێت وه‌ك یه‌كه‌م پارێزگاى هه‌رێم ئه‌مڕۆ چه‌كى بانكیمان وه‌رگرت بۆ خه‌رجكردنى پاره‌ى كارمه‌ندانى كۆمسیۆن.
حه‌مه‌ سه‌عید ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم راگه‌یاند: وه‌ك یه‌كه‌م پارێزگاى هه‌رێم ئه‌مڕۆ چه‌كى بانكیمان وه‌رگرت بۆ خه‌رجكردنى پاره‌ى كارمه‌ندانى كۆمسیۆن، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى كارگێڕی كۆمسیۆن ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پاره‌ی لیستی وردبینیكراوی كارمه‌ندانی رۆژی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ربڕی و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ناوه‌كاندا نه‌بوو.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: دابه‌شكردنى پاره‌كه‌ له‌ڕێگه‌ى بانكه‌وه‌ ده‌بێت و هه‌ر ئه‌مڕۆش چه‌كى بانكیمان وه‌رگرتوه‌ له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌ستده‌كرێت به‌دابه‌شكردنى پاره‌ى كارمه‌ندانى كۆمسیۆن، هه‌روه‌ها له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌  زیاتر له‌ 840 كارمه‌ند پاداشت وه‌رده‌گرن كه‌ بۆ رێكخه‌رى بنكه‌ بڕى 200 هه‌زار و كارمه‌ندانى دیكه‌ى به‌شه‌كان بڕى 175 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم ئه‌وه‌شى بۆ دوارۆژژ خسته‌ڕوو: دوابه‌دواى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستده‌کرێت به‌ دابه‌شكردنى پاره‌ى كارمه‌ندانى سنورى پارێزگاى دهۆكیش، چونكه‌ وردبینیكردنى ناوى كارمه‌ندانى ئه‌و پارێزگایه‌ش به‌ كۆتا هاتووه‌ پاشان پارێزگاكانى دیكه‌ى هه‌ولێر و سلێمانیش دابه‌شده‌كرێن.

 

ر.ق