"باجی گومرگیی ئۆتۆمبێل وەک خۆی دەمێنێتەوە"

15/02/2019 - 09:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 باجی گومرگیی ئۆتۆمبێل لەگەڵ جێبەجێکردنی پێناسی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، زیاد ناکرێت و وەک خۆی دەمێنێتەوە.

بڕیارە 17ی ئەم مانگە، پێناسی گومرگیی نوێ لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە نرخی ئۆتۆمبێلی کەمێک بەرزکردووەتەوە، هاونیشتمانیان پێشبینی دەکەن نرخەکەی زیاتر بەرزبێتەوە، بەڵام شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنووریی باشماخ  رايگەیاندوه، زیادبوونی پێناسی گومرگیی ئۆتۆمبێل وەک خۆی دەمێنێتەوە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی گومرگ، ئوتومبێلی ساڵۆن 4 بستۆن هەر بە 1850 دۆلار دەبێت و شەش بستۆنیش بە 2250 دۆلار و وەک خۆیان دەمێننەوە.

بەڵام چەند جۆرە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهای وەک لاکزس، لاندکروزەر، پۆرش، بێنتڵی و چەند جۆرێکی دیکە کە ئەمریکی و یابانی و ئەوروپین، کە شەش بستۆن و بەرەوژوورن، گومرگیان لە 2500 دۆلارەوە زیاد دەکات بۆ 7500 دۆلار.