كارمه‌ندانی گومرگی هه‌رێم خولی فێركاری بۆ كارمه‌ندانی عێراق‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

17/02/2019 - 16:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 دوای لادانی خاله‌ گومرگیه‌كان له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا یه‌كخستنیان له‌سه‌ر ئاستی عێراق له‌ ئێستادا دەسته‌ی ده‌روازە سنوورییەكانی عێراق داوای له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ رێگابدرێت سیستمی ئه‌لیكترۆنی ده‌روازە سنوورییه‌كانی هه‌رێم لە عێراقیش په‌یڕه‌وبكرێت.

ده‌ستەی ده‌روازە سنوورییه‌كانی عێراقدا له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا رایگه‌یاندووه‌ "بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی باشتر چاودێری دەروازە سنوورییه‌كان بكه‌ین پێمانباشه‌ سیستمی ئه‌لیكترۆنی كه‌ له‌ هه‌رێم په‌یڕه‌وده‌كرێت، ئیشیپێبكرێت، چونكە له‌ دوای به‌دواداچوونی ئێمه‌ دیاربوو كه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ و ده‌توانێت هه‌تا راده‌یه‌كی باش رێگا له‌ دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی بگیرێت.

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووه: "كازم عیقابی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دەروازە سنوورییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ری گشتی گومرگ له‌ هه‌رێم كۆبووەتەوە‌ و جۆره‌ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كراوه‌ كه‌ هه‌موو ئامێر و ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بۆ ده‌زگا گومرگییه‌كانی عێراقیش دابنرێت و خولی تایبه‌ت بۆ كارمه‌نده‌كان بكرێتەوە بۆ ئه‌وه‌ی فێری كاركردن لەسەری و رێكخستنی ببن".
راشگه‌یه‌نراوه‌: "ئه‌م سیستمه‌ ئه‌لكترۆنییه‌ ده‌توانێت ئاسانكاری له‌ كاری گومرگی بكات و رۆتین و ناشه‌فافیه‌ت كەمبكا‌تەوە و ئامرازێك ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و له‌ ئایندەیەكی نزیكدا له‌ گشت خاڵه‌ گومرگییه‌كانی عێراق كاری پێده‌كرێت".
بەگوێرەی ئەو سیستمە، گومرگی هه‌رێم رۆژانه‌ ورده‌كاری هه‌موو گواستنه‌وه بازرگانییەكان به‌ داتاوه‌ یه‌كسه‌ر بۆ به‌ڕێوبه‌راتی گشتی گومرگ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌نێردرێت. 

 

ر.ق