بەهۆی تەقینەوەیەك لە عەفرین 60 چەكدارو سەربازی توركیا كوژران و برینداربوون

22/02/2019 - 11:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

 

لە ناوەندی شارۆچكەی عەفرین تەقینەوەیەك ڕوویداو لە ئەنجامدا (25) چەكدارو سەربازی سوپای توركیا كوژران و (36) ی دیكەش بریندار بوون، ژووری چاڵاكییەكانی تووڕەیی زەیتوون بەرپرسیارێتی تەقینەوەكەی لە ئەستۆ گرت.

ژووری چاڵاكییەكانی تووڕەیی زەیتوون، ڕاگەیەندراوێكی لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوكردەوەو زانیاری لەسەر تەقینەوەی عەفرین ئاشكرا كرد.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە: هێزەكانی تووڕەیی زەیتوون، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لەناو سوپای توركیاو چەكدارەكانی پشتیوانی لەكاتی مەراسیمێكی سەربازی تەقاندۆتەوە، لە ئەنجامی ئەو چاڵاكییەدا (25) چەكدارو سەربازی توركیا كوژران و (36) ی دیكەش بریندار بوون.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە: ‌هێزەكانیان چاڵاكییەكانیان لە دژی چەكدارەكانی سوپای توركیا لە هەرێمی عەفرین و هەرێمەكانی دیكەی باكوری سوریا بەردەوام دەكات.

لە كۆتاییدا ژووری چاڵاكییەكانی تووڕەیی زەیتوون جەختی لەوە كردۆتەوە، كە وەك ژووری چاڵاكییەكانی تووڕەیی زەیتوون، چاڵاكییە تۆڵە كردنەوەكانمان لە دژی ئەو چەكدارانەی عەفرین و دەوروبەریان داگیركردووە، بەردەوام دەكەین، تا ئەو كاتەی عەفرین و هەموو باكوری سوریا لە تیرۆری سوپای توركیاو چەتەكانی پاك بكەینەوە.