بەشێك لە سوپای ئەمریكا لەسوریا دەمێننەوە

22/02/2019 - 21:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

كۆشكی سپی ڕایگەیاند، ئەمریكا دوای كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا ژمارەیەكی بچووك لە سەربازەكانی وەك ئاشتی پارێز بۆ ماوەیەك لە وڵاتە دەهێڵێتەوە، ئەمەش دوای پاشگەزبوونەوەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی تەواوی هێزەكان لە سوریادا.

لە مانگی دوانزەدا (دۆناڵد ترامپ) فەرمانی دەركرد بە كشاندنەوەی هەموو هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا كە ژمارەیان دەگاتە (2000) سەرباز و وتی : شكستیان بە ڕێكخراوی داعش هێناوە سەرەڕای ئەوەی هاوبەشەكانی ئەمریكا لە سوریا هێشتا لە دوایین شوێنەكانی داعشدا دەجەنگن.

بەڵام ڕاوێژكارەكانی ترامپ فشاریان خستە سەر تاوەكو سیاسەتەكەی بگۆڕێت كە تیایدا بتوانرێت پارێزگاری لەو هێزە كوردییانە بكرێت كە بەباشی دژی ڕێكخراوی داعش جەنگاون و ئێستاش لەژێر هەڕەشەی توركیادان، هەروەها هۆكارێكی دیكە بۆ ئەوەی ترامپ سیاسەتەكەی سەبارەت بە سوریا بگۆڕێت بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتەكانی ئێرانە لە سوریادا.

وتەبێژی كۆشكی سپی (سارە ساندەرز) لە بەیاننامەیەكدا وتی : كۆمەڵێكی بچووكی (200) سەربازی بۆ پاراستنی ئاشتی بۆ ماوەیەك لە سوریادا دەمێننەوە.

جێگەی ئاماژەیە دوای ئەوەی ترامپ لەگەڵ سەرۆكی توركیا ئەردۆگان لەڕێی تەلەفونەوە قسەیان كرد ئەم بڕیارە ڕاگەیەندرا، وتەبێژی كۆشكی سپی وتی : سەبارەت بە سوریا هەردوو سەرۆكەكە ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی بەردەوامبن لە هەماهەنگییەكان سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە سوریادا.

بەرپرسێكی باڵای بەڕێوبەرایەتیەكەی ترامپ وتی : ماوەیەكە ئامادەكاری بۆ بڕیارەكەی ترامپ دەكرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا ئەو (200) سەربازە تا كەی لە سوریادا دەمێننەوە.

 

 

 

ئـ . كـ