بەڵگەكانی زەوییەكانی كەركوك رەوانەی بەغدا دەكرێن

23/02/2019 - 09:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

دەستەی چارەسەری كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكی كەركوك، لە سێیەم كۆبوونەوەیەدا نەگەیشتە ئەنجامی كۆتایی و بڕیارە بۆ تاوتوێی دۆسیەكە، بەڵگەنامەكان رەوانەی حكومەتی ناوەندی عێراق بكرێن.

لە چەند رۆژی رابردودا، دەستەی چارەسەری كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە بەغدا بە سەرۆكایەتی (تۆرهان موفتی) سەرۆكی سكرتاریەتی دەستەی هەماهەنگی باڵای نێوان پارێزگاكان و ئامادەبوونی (راكان سەعید) پارێزگاری كەركوك و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاو پەرلەمانتار لە پێكهاتە جیاوازەكان كۆبوونەوە.

(كاكەرەش سدیق) سەرۆكی لێژنەی مادەی (140) لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك و بەشداربووی كۆبونەوەكە رایگەیاند، بۆ جاری سێیەمە لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە كۆبینەوە، بڕیاردراوە بە شێوەیەكی یاسایی مامەڵە لەگەڵ كێشەكان بكرێت.

داواكراوە بڕیارەكانی دادگای كەركوك ڕابگیریت لەبارەی دۆسیەی زەوییەكانەوە، بڕیاری ئەوەشدراوە لە هەفتەیەكدا فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك بەڵگەی زەوییە كشتوكاڵیەكانی سنوری (داقوق، تازە، بەشیر، لەیلان و دوبز) بنێرێت بۆ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئەو زەوییانە بەوتەی كاكەرەش.

ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی بەلاغێكی نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری كەركوك، لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لە چارەسەری یاسایی كێشەكان كراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ بڕیارو دەرەنجامێك بدات.

سەدان دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە سنوری كەركوك، بە وتەی لێپرسراوانی كورد، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەعس لەوان وەرگیراوەتەوەو دراوەتە بەو هاوڵاتییە عەرەبانەی لە ناوچەكانی دیكەوە رەوانەی شارەكە كراون، ئەوەش لە شێوەی گرێبەستێكدا.

(كاكەرەش سدیق) بۆ كەركوك ناو باسی لەوەكرد، لە كۆبوونەوەكانی ئەو دەستەیەی بۆ چارەسەری كێشەكان هەیە بڕیاردراوە ئەو ناوچانەی یەك نەتەوەی تێدایە لە كێشەی زەوی دەربهێنرێن، چونكە زەوییەكان موڵكی دانیشتوانەكەیەتی و گرفتی نیە، وەكو (شوان، قەرەهەنجیر، پردێ و حەویجە).

هەروەها رونیكردەوە، بۆ ناوچەكانی تر كە فرە پێكهاتەیە دانیشتوانەكەی، بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانەی بەبڕیارێكی پێشترو لە سەردەمی رژێمی بەعس ئەنجامدراون.

بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆرش لە سەردەمی حوكمڕانی بەعس، پێویستە لەرێگەی پەرلەمانی عێراقەوە، هەموار بكرێنەوە بە یاسای تر یان بەیەكجاری هەڵبوەشێندرێنەوە.

ساڵی رابردوو، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق داوای كاراكردنەوەی ماددەی (140) ی دەستوری كرد، ئەوەش لە نوسراوێكیدا بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك، كە كێشەی زۆرینەی زەوییە كشتوكاڵییەكان پێویستە لەرێگەی ئەو ماددەیە یەكلایی بكرێتەوە.

بەپێی بەشێك لە قۆناغی یەكەمی مادەی (140) ی دەستوری عێراق، قەرەبووی عەرەبی هاوردەو خێزانە راگواستراوەكانی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك كراوەتەوە، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو سنورانە، بەڵام دۆسیەی زەویە كشتوكاڵیەكان بۆ خاوەنی راستەقینەیان یەكلایی نەكرایەوە.

 

 

 

ئـ . كـ