"قورسایی یەكگرتوو بەقورسایی كورسیەكانی پەرلەمان ئەژمار ناكرێت"

23/02/2019 - 10:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: یەكگرتوو بەشێكە لەپرۆسەی سیاسی و هێزێكی بنچینەیی هەرێمەو قورسایی یەكگرتوو تەنها بەقورسایی كورسیەكانی پەرلەمان ئەژمار ناكرێت.


دكتۆر هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی ئاسمانی سپێدەدا ڕایگەیاند: وەك یەكگرتوو بەشێكین لەپرۆسەی سیاسی و هێزێكی سیاسی و بنچینەیی ئەم هەرێمەین.


هەروەها وتیشی: قورسایی یەكگرتوو تەنها بەقورسایی كورسیەكانی پەرلەمانی ئەژمار ناكرێت، بەڵكو پێگەی سیاسی یەكگرتوو و سەركردایەتی و پێگەی ئەمینداری گشتی لەئاستێكدایە دەتوانێت ڕۆڵی كاریگەرتری هەبێت لەوەی كە بەپێنج كورسی مامەڵەیی لەگەڵ بكرێت.


ئەوەشی خستەڕوو: ڕەوتی ڕوداوەكان بەشێوەیەكە ڕەنگە تاڕادەیەكی زۆر لای جەماوەرو كەسانی سیاسی ئەوە دەركەوتوە كە سیاسەتەكانی یەكگرتوو لەدوو سێ‌ ساڵی ڕابردوودا بەو شێوە نەبوو كە دژایەتی دەكرا و تۆمەتی بۆ دەبەخشرایە و ڕەخنەباران دەكرا، كە بەداخەوە هەندێك لە لایەنی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنەكان ئەوەندەی ئۆپۆزسیۆنی یەكگرتوو بون ئەوەندە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات نەبون.


سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی ئێستا بەسەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان هاتوە لە وتاری سیاسی و نەرمی نواندنیان و ئامادەییان بۆ بەشداریكردنیان لەحكومەت، ئەوە راستی و دروستی و لۆژییكی بونی سیاسەتەكانی دوو سی َساڵی یەكگرتووی سەلماند.

 

 

 

 

 

س ب