دارایی روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌ .. كێشه‌ی موچه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌

23/02/2019 - 10:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌گه‌ر روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و سه‌رۆكی كاتی لیژنه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: ئێستا له‌پشووداین، دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ به‌غدا له‌مانگی سێ دا، ئه‌گه‌ر بودجه‌ جێبه‌جێكراو شایسته‌ی دارایی هه‌رێم ره‌وانه‌ نه‌كرا، ئه‌وكاته‌ رۆڵی خۆمان ده‌گێڕین.

د.ئه‌حمه‌د سه‌فار سه‌رۆكی كاتی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ تۆری سلێمانی راگه‌یاند: وه‌كو نوێنه‌ران ئه‌ركی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئێستا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بووه ‌و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ له‌ناو بودجه‌كه‌دا جێگیربووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت دروست بێت، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت ره‌وانه‌ بكرێت كه‌ بڕه‌كه‌ی 522 ملیار دیناره‌.

وتیشی:"ئێستا له‌پشووداین و دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ به‌غدا له‌مانگی سێ دا، چاودێری جێبه‌جێكردنی بودجه‌كه‌ ده‌كه‌ین، ده‌بێت هه‌موو شایسته‌ دارییه‌كانی هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ بكرێت".

راشیگه‌یاند:"له‌ئێستادا یاسای بودجه‌ی 2019ی عیراق به‌ته‌واوی جێبه‌جێنه‌كراوه‌و تاوه‌كو 25 و كۆتایی ئه‌م مانگه‌ش ده‌رفه‌ت هه‌یه‌، كه‌ حكومه‌تی عیراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌رهاتوو بودجه‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردن و بۆ پارێزگاكان ره‌وانه‌كراو بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ نه‌كرا، ئه‌وكاته‌ رۆڵی خۆمان ده‌گێڕین".