پارتی: بێ یەكێتی لە هەولێر حكومەتێكی شەرعی پێكدەهێنین

25/02/2019 - 13:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ڕایدەگەیەنێت ئەگەر یەكێتی ئامادەی ڕێكەوتن نەبێت ئەوان ناچار دەبن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە حكومەتی هەرێم پێكبهێنن و لە هەولێرەوە حكومەتێكی یاسایی و شەرعی پێكدەهێنن.


دڵشاد شەهاب كە هاوكات ئەندامی شاندنی دانوستانگاری پارتیە لە میانەی پانێلێكدا لە قەزای ئاكرێ ووتی" ئێمە وەك پارتی هیچ بڕیارێكمان نەبووە بێ یەكێتی نیشتیمانی كابینەی حكومەت پێكبهێنین و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە چوار مانگ چاوەڕاونیمان كردووە"


ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی ڕەخنە لە یەكێتی دەگرێت كە دۆسیەكانی هەرێم و كەركوك و بەغدای تێكەڵاوكردووە و دەڵێت" ناكرێ لەپێناو پۆستی وەزیرێك لە بەغدا بۆ كام لایەنی سیاسی دەبێت، میللەتمان سزا بدەین. هەرێمی كوردستان چوار پارێزگایە، چ گوناحێكیان هەیە كە لایەنێك ئیستیحقاقی ئینتیخابیشی نییە و دەیەوێت پۆستێك لە بەغدا بهێنێت. خەڵكی كەركووك چ سوودێك لەوە دەبینن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوابخرێت بۆ ئەوەی لە دۆخێكی نائاساییدا بڵێت تەنیا دەبێت پارێزگار دابنرێت. ئێمە دژی ئەوە نین كە پارێزگاری كەركووك بۆ كوردێك بێت، هیچ مەنتیقێكیش قەبوڵ ناكات پارتی پێی خۆش بێت عەرەبێك پارێزگاری كەركووك بێت بەڵام كوردێك نەبێت“.وتیشی"


دڵشاد شەهاب هۆشیاری دەداتە یەكێتی و دەڵێت " مانای وا نییە كە تا سەر بێ حكوومەت بمێنینەوە. ئەگەر ناچار بین لەگەڵ لایەنەكانی دیكە حكوومەت پێك بهێنین، ئەوا لە داهاتوو ئەو هەنگاوە دەنێین كە هیوادارین ئەو هەنگاوە نەنێین و ناشمانەوێت. بەڵكوو بەهیواین لەم ڕۆژانە بگەینە ئەنجامێك، بەڵام ئەو حكومەتەی لە هەولێر ڕادەگەیەنرێت یاسایی و شەرعی دەبێت".