كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بەبێ‌ ڕێككەوتن كۆتایی هات

03/03/2019 - 19:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

 

كۆبوونەوەی سەرۆكی پارتی و شاندی یەكێتی كۆتاییهات، دواتر لە راگەیەندراوێكدا كە هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی تێدا نییە، ڕایانگەیاند، جەختیان لە كاری جدی و بەردەوامی ڕێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگا‌ی هەرێمی كوردستان كردۆتەوە. ئەمڕۆ (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی لەگەڵ شاندێكی یەكێتی كۆبوویەوە، كە پێكهاتبوون لە (كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی) جێگری سكرتێری گشتی، ‌(ئەرسەلان بایز) و (عیماد ئەحمەد) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، دوای كۆبوونەوەكە ڕاگەیەندراوێك لەسەر ناوی نووسینگەی كۆسرەت ڕەسوڵ بڵاوكرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: لە ‌دیدارەكەدا پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كراو جەختیش لە كاری جدی و بەردەوامی ڕێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگا‌ی هەرێمی كوردستان كرایەوە،‌ ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و گیانی برایەتی و هەست بە بەرپرسیارێتی هەموو لایەك، بە جۆرێك كە لە ئاست داواكاری و خواستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت.

دواتریش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا (لەتیف شێخ عومەر) وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند: سبەینێ هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لەشاری هەولێر كۆدەبنەوە.

 

 

ئـ . كـ