نهێنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی بزانه‌

05/03/2019 - 14:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوێنێ‌ یەكێتی و پارتی لە هەولێر ڕێككەوتنێكی سیاسیان واژۆ كرد، كە 18 بڕگەیە و لەسەر چەند پرسێكی سیاسی ڕێككەوتن، كە دیارترینیان كابینەی نوێی حكومەت، كەركوك بوو، بەڵام ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره‌ تائێستا ناوه‌ڕۆك وردەكارییەكەی بڵاونەكراوەتەوە.

به‌پێی زانیاریه‌كان یەكێتی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكى هەرێم بۆ كاروباری سەربازی وەردەگرێت‌ و پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكیش سپێردراوە بە حكومەتی داهاتووی هەرێم.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و پشكی یەكێتی لە حكومەت، هیچ شتێكی زیاتر نییە كه‌لەو رێككەوتنەی رۆژی (5)ی شوبات لەنێوان هەردوولادا كرابوو و یەكێتی قایل بووە بەو پۆستانەی كە پێشتر لە حكومەت پێیدراوە، واتە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت‌و پێنج وەزارەت‌و چەند دەستەیەك.ته‌نیا په‌ره‌سه‌ندنێك له‌رێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌بوبێت ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ یەكێتی بەنوسراو گەرەنتی "شەراكەتی راستەقینە"ی لە پارتی وەرگرتووە لە پرسی حكومەتداریدا لە هەرێم، بەتایبەتی لە بوارەكانی نەوت‌و پەیوەندییەكانی دەرەوە. 

سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركووك پارتی‌و یەكێتی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی چارەنوسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، حكومەتی نوێی هەرێم یەكلايی بكاتەوە، بەجۆرێك حكومەتی نوێی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات لەسەر ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و دوای ئاسایكردنەوەی دۆخەكان، پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا پێشتر پارتی جەختی لەسەر ئەوە دەكرد دەبێت سەرەتا دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە‌و دواتر پارێزگار هەڵبژێردرێت، بەڵام یەكێتی داوای دەكرد دەبێت سەرەتا گرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك بكرێت.

له‌باره‌ی په‌رله‌مانیش یەكێتی له‌كورترین ماوه‌دا  كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی پارتی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی بكشێتەوە‌.

هه‌ر به‌پێی زانیاره‌كان له‌باره‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم  لەدوای دەستبەكاربوونی كاندیدی یەكێتی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستان هەموار دەكرێتەوە، كە ئێستا پارتی پرۆژە هەموارەكەی ئامادەكردووە‌ تا كه‌ جیاوازیش ئه‌وه‌یه‌ هەمواركردنی ئەو بڕگەیە كە باس لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكات‌و لە هەموارەكەدا داواكراوە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

بەگوێرەی رێككەوتنەكەی پارتی‌و یەكێتی، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی زیاد دەكرێت‌و ئەو پۆستە بە یەكێتی دەدرێت، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت.