كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان هاووڵاتیانی هه‌رێمى كوردستان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌

08/03/2019 - 19:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان له‌ هه‌رێمى كوردستان، لەسەر ریكلامكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ دەرمان و چارەسەری تەندروستی، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان و ڕایدەگەیەنێت كه‌ ئەو دەرمان و چارەسەرانە ساختەن.

ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەردەوام ڕیكلام بۆ هەندێك بەرهەمی ساختە دەكرێت بە ناوی بەرهەمی سروشتی بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، كە لە ڕاستیدا هەموو ئەو ڕیكلام و پڕوپاگەندانە هەڵبەستراون و تەنها بۆ چەواشەكردنی خەڵكن بە مەبەستی بازرگانیەكی ناتەندروست و گیرفان پڕكردن.

بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە دەڵێ هەموو ئەو بەرهەمانە ساختە و ڕێگەپێنەدراون و بەڕێی قاچاخ هاوردەی وڵات كراون و لە هیچ شوێنێك مۆڵەتی فرۆشتنیان پێنادرێت، بۆیە تاكە سەرچاوە كە بۆ ڕیكلام و فرۆشتن بەكاری دەهێنن، ڕێگای ئۆنلاینە، واتە كڕیاڕ لەگەڵ كڕینی بەرهەمەكە بە ئۆنلاین ناونیشانی خۆی دەنێرێت و ئەوانیش بۆی دەگەیەنن.

ڕاگەیاندراوەكەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە ئەو دەرمانەی گوایە بۆ كێش دابەزاندن بەكار دێت، مادەی (Sibutramine)ی تێدایە، كە لە زۆربەی وڵاتان قەدەخە كراوە، چونكە لە ماوەیەكی كورتدا كێش زۆر دادەبەزێنێ، بەڵام باری دەروونی بەكارهێنەر تێكدەدات و پەستانی خوێن زۆر بەرز دەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری داوای لە هاووڵاتییان كردووە كە بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە كڕینی بەرهەمی ساختە و قاچاخ و بێ ستیكەر و بەناو سروشتی بەدوور بگرن و بە ڕیكلامی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان باوەڕ نەكەن.