دواین زانیاری له‌سه‌ر چاره‌نوسی پاره‌ی پاشه‌كه‌وتیكراو و دابه‌شكردنی موچه‌ی بێ پاشه‌كه‌وت

09/03/2019 - 14:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پاشەكەوتی زۆرەملێی بۆ ماوەی چوار ساڵ سەپاند بەسەر موچەخۆراندا، دوێنێكه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی سه‌ركی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی راگه‌یاند و " له‌ لێدوانێكیشیدا وه‌زیری دارایی رایگه‌یاند له‌ به‌یانیه‌وه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی بێپاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ن.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان راگەیاند: "لەدوای ئەو بڕیارەی رۆژی رابردوو کە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرا لەسەر لادانی پاشەکەوتی مووچە، ئەمڕۆ هاتووین کە پێداچوونەوە لیستەکەمان بکەین چونکە ئەوەی پێشتر ئامادەمان کردووە بە پاشەکەوتەوە و ئێستا خەریکین هەمان لیست بەبێ پاشەکەوت ئامادە بکەین".

رێباز حەملان راشیگه‌یاند "لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 بەبێ پاشەکەوت دەکرێت. دابەشکردنەکەش لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستپێدەکات بەبێ پاشەکەوت، ئێستاش ئەو ئامادەکارییە هەیە کە بەردەوام بین لە دابەشکردنی مووچە و هەوڵی زۆر دەدەین پێش نەورۆز هەموو مووچەکە دابەش بکەین".

لەباری چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران وه‌زیری دارایی وتی: "ئەو پارەیەی کە هی حکومەتە و لای خەڵکە شەرت نییە هەمووی هی مووچەخۆران بێت، خەڵک هەیە بازرگانە یان خەڵکی ئاساییە، لە رابردوودا سولفەی زەواجمان داوە و سولفەی پیشەسازیمان داوە، سولفەی کشتوکاڵیمان داوە ئەمە پارەی حکومەتە و لای خەڵکە و دەبێت بدرێتەوە. ئێمە چەندساڵێکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لێمان وەرنەگرتوونەتەوە".

رێباز حەملان زیاتر بۆ رووداو وتی "ئەوەش کە خەڵک پارەی لای حکومەتە مووچەکانیان پاشەکەوت کراوە، ئەم بابەتەش لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێکرا و لە بڕیاری ژمارە 141 و لە بڕگەی دووەم دەڵێت، بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هەوڵی جیددی دەدەین بۆ چارەسەرکردن و پێدانەوەی مووچەکانی رابردوو، بەڵام نابێت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەوە لەبیر بکەن کە هۆکاری سەرەکی قەیرانی دارایی و پاشەکەوتی مووچەش بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان بوو لەلایەن بەغداوە واتە بەغداش دەبێت بەشێکی سەرەکی ئەم پرسە لەسەرشان بگرێت بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزانەی لە رابردوودا کە لەسەر حکومەتە و ئەویش پاشەکەوتی مووچەیە".