په‌له‌وه‌ر فرۆشتن له‌ هه‌ولێر قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت

09/03/2019 - 14:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
قایمقامیەتی هەولێر لە شەقامی 30 مەتری نزیك پردی سەیداوە دیاردەی فرۆشتنی پەلەوەر قەدەغە ده‌كات.
 
له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا قایمقامیەتی هەولێر رایده‌گه‌یه‌نێت" دوای ئەوەی تێبینی كرا رۆژانی هەینی جۆرەها پەلەوەر دەفرۆشران و لەسەر شەقام سەردەبڕان بەبێ گوێدان بە لایەنی تەندروستی، لە هەڵمەتێكی بەرفراواندا بەشی پۆلیسی شارەوانی ئەو شوێنەی كۆنترۆڵ كرد".
هه‌ر له‌ راگه‌ینراوه‌كه‌ دا هاتووه‌ "ئاگاداری كاسبكاران ده‌كه‌ینه‌وه‌ كە كاسبی لە شوێنی خۆیان بكەن و جارێكی تر ڕێ نادرێت لە شەقامی 30 مەتری زێدەڕۆیی و جەنجاڵی دروست بێت و ببێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و ئاستەنگیی هاتوچۆ."
جێگای ئاماژه‌یه‌ بازاڕی پەلەوەر فرۆشەكانی هەولێر دەكەوێتە ناوەندی شاری هەولێر و ڕۆژانی هەینی جەنجاڵیه‌كی زۆری لێدروست ده‌بێت و په‌له‌وه‌رفرۆشانی ئه‌م شوێنه‌ش ناره‌زایی ده‌رده‌بڕن داواكارن شوێنێكی گونجاویان بۆ دیاری بكرێت.