دواجار كێ كاندیدی لایه‌نه‌كان بۆ كابینه‌ی حكومه‌ت یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌؟

11/03/2019 - 14:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بریار وایه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو په‌رله‌مانی كوردستا ده‌ست به‌ گفتوگۆبكات بۆ هه‌موواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ئینجا سه‌رۆكی هه‌رێم كاندیدی سه‌رۆكی حكومه‌ت راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م و به‌رپرێكی پارتیش رایده‌گه‌یه‌نێت کەسی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کاندیدی لایەنەکان بۆ پۆستەکان دیاری دەکات.

 هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، ”دەبێ پەرلەمان یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کارابکاتەوە، کە یاساکە ھەموار کرایەوە، بەپێی ناوەڕۆکی یاساکە، سەرۆکی ھەرێم مامەڵە دەکات، دوای ئەوەی ھەڵبژێردرا، سەرۆک وەزیران ڕادەسپێدرێت کە حکوومەت دروست بکات، بەربژێری سەرۆک وەزیرانیش دەست دەکات بە پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەت، رەنگە ھەفتەی داھاتوو پەرلەمان کۆببێتەوە و دەست بکات بە کاری خۆی و یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش ھەموار دەکرێتەوە“.

 سیوەیلی بۆ باسنیوز گوتیشی: ”بۆ پشکەکانی یەکێتی و حزبەکانی دیکە، سەرۆک وەزیران بەرپرسیار و کەسی یەکەمە لە دیاریکردنی کەسەکانی ناو حکوومەت. ئەمەش دوای ئەوەی حزبەکان بەربژێری خۆیان پێشکەش دەکەن، بەڵام وەک سەرۆکی حکوومەتی داھاتووی کوردستان، رۆڵی دەبێت لە دیاری کردنی کاراکتەرەکانی ناو حکوومەت".