پارتی په‌له‌یه‌تی و به‌رپرسێكی یه‌كێتیش پاساو بۆ دره‌نگ پێكێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌هێنێته‌وه‌

11/03/2019 - 14:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
زیاتر له‌ 160 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تێپه‌رده‌بێت تائێستا پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێكه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و به‌رپرسێكی یه‌كێتیش رایده‌گه‌یه‌نێت پارتی په‌له‌یه‌تی و له‌ هه‌مانكاتدا پاساو بۆ دره‌نگ پێكێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌هێنێته‌وه‌
 
  فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان راگه‌یاند: وه‌گرتنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ یه‌كلایی بۆته‌وه‌و له‌كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتووی سه‌ركردایه‌تیشدا كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاری ده‌كرێت. 

له‌باره‌ی پۆسته‌كانی دیكه‌ی‌ یه‌كێتیش له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌سه‌سه‌رد وتی:"ئه‌و پۆستانه‌ی له‌مێدیاكانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ پشكی یه‌كێتین له‌ حكومه‌ت، دووره‌ له‌ڕاستییه‌وه‌و تائێستا یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی تاوتوێی پۆسته‌كانیان نه‌كردوه‌، به‌ڵكو ئه‌وكات قسه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان ده‌كرێت كه‌ كه‌سێك له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت دواكه‌وتووه‌، ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی بۆ تۆری هه‌واڵی سلێمانی وتی:"له‌سه‌ره‌تاوه‌ پارتی په‌له‌یه‌تی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانرێت له‌ 10 رۆژدا پێكبهێنرێت، له‌كاتێكدا زۆركات دانوستان و گفتوگۆكان درێژه‌ ده‌كێشێت و له‌ده‌سه‌ڵاتی هیچ لایه‌نێكیش نییه‌،".

ئه‌و نمونه‌ی عیراق ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێ:"زۆربه‌ی كات پێكهێنانی حكومه‌ت له‌عیراق زیاتر له‌ شه‌ش مانگی پێده‌چێت و له‌وڵاتێكی وه‌كو ئه‌ڵمانیش نزیكه‌ی هه‌شت مانگ دواكه‌وتووه‌، بۆیه‌ له‌ئێستاشدا ئه‌گه‌ر 10 رۆژی بۆ 15 رۆژ دوابكه‌وێت ئه‌وه‌ ئاساییه‌و چوار ساڵ له‌به‌رده‌م حكومه‌ت ماوه‌".