رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر گرانبوونی قیستی‌ مانگانه‌ی‌ یه‌كه‌ نیشته‌جێبونه‌كان ده‌درێت

12/03/2019 - 15:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
 له‌باره‌ی‌ زیادكردنی‌ قیستی‌ یه‌كه‌كان و دابه‌شكردنی شوقه‌كانی سیته‌ك و زڕگوێز كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینان روونكردنه‌وه‌ ده‌دات، سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت زیادبونی‌ قیسته‌كان نابێتراست نییه‌.

به‌رهه‌م قه‌ره‌داغی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكی له‌مافی كرێنشینان ڕاگه‌یاند، "دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ حكومه‌ت بۆ لابردنی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران، ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ قیستی‌ مانگانه‌ی‌ یه‌كه‌ نیشته‌جێبونه‌كان و شوقه‌كانی‌ زڕگوێزو سیته‌ك زیادده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌".

وتیشی‌:"كاركردن له‌پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك ئاوو ئاوه‌ڕۆو ڕێگه‌وبان له‌شوقه‌كانی سیته‌ك ‌و زڕگوێز به‌رده‌وامه‌، به‌ته‌واوبونی ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ش ده‌ست به‌دابه‌شكردنیان ده‌كرێت".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "داوامان له‌پارێزگار كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رچی‌ زوه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی‌ ئه‌و یه‌كانه‌ی‌ زڕگوێزو سیته‌كیش بكرێت، ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی‌ ته‌واوبونی‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ئێستادا كاركردن تێیاندا به‌رده‌وامه‌".

ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتریشی‌ له‌باره‌ی‌ كاریگه‌ری‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ حكومه‌ت بۆ هه‌ڵگرتنی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ له‌سه‌ر زیادبونی‌ نرخی‌ یه‌كه‌كان و زیادكردنی‌ قیسته‌كان له‌سه‌ر هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران ڕاگه‌یاندو وتی‌:"ئه‌و بڕیاره‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كی‌ نابێت".

ئه‌وه‌شی‌ به‌ تۆری هه‌واڵی سلێمانی وت:"ئه‌و قیستانه‌ی‌ بۆ یه‌كه‌كانی‌ سیته‌ك و زڕگوێز دانراوه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌یاسا ڕێكخراوه‌، به‌بێ پێشه‌كی‌ و ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵیان بۆ دانراوه‌ بڕی‌ قیسته‌كانیش به‌گوێره‌ی‌ تێچوی‌ یه‌كه‌كانه‌".