بەیاننامەی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە یادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا

15/03/2019 - 23:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

لە رۆژێكی وەك ئەمرۆدا و پێش 31 ساڵ دەستی ستەم و زۆرداریی رژێمی بەعس، ئاسمان و كوچە و كۆڵانەكانی شاری هەڵەبجەی بە بۆمب و گازی بكوژی كیمیایی خنكاند و پێنج هەزار شەهید و وێرانبون و ئاوارەبوونی شارێك و برینداربوونی هەزاران كەسی لێ كەوتەوە، هەڵەبجە بوویە سیمبول و ناسنامەی مەزڵومیەتی گەلی كورد و ئەو تاوانە لەسەر ئاستی جیهان سەركۆنە كرا. 

كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە لە 16-3-1988 دا ویژدانی مرۆڤایەتیی و بەشێك لە رێكخراوە مرۆڤدۆستەكانی هەژاند و بەشێك لە دەزگا میدیاییەكانی جیهان و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ ئەو كارەساتەیان وەك تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەمدا و ئەو رووداوە پەردەی لەسەر دۆسیەی تاوانە ئەژمارنەكراوەكانی رژێم بەعسی هەڵماڵی، كە بەداخەوە تا ئەنجامدانی ئەو تاوانەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پەردەپۆشی تاوانەكانی دەكرد و ئەمبارەكانی ئەو رژێمە لەلایەن كۆمپانیا جیهانیەكانەوە بە چەكی كۆمەڵكوژ و گازی كیمیایی پر دەكران. 

بەداخەوە پاش راپەرین و دروستبوونی حكومەتی خۆماڵیی، نەتوانرا برینەكانی هەڵەبجە سارێژ بكرێن و پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان لەبری بوژانەوەی وڵات و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی هەڵەبجە و شارو شارۆچكەكانی كوردستان، جارێكی تر برینی سارێژنەبووی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان كولاندەوە و هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان كرانەوە قوربانیی و گۆرەپانی ململانێی تەسكی حزبیی و شەری سەربازیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان. 

ئەمرۆ ئەو شارە هێشتا بۆنی گازی كیمیایی لێ دێت و لەگەڵ بریاری بە پارێزگاكردنی، تا هەنووكە خزمەتی پێویست بەو پارێزگایە نەكراوە و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی حوكمرانی 28 ساڵەیدا نەیتوانی هەڵەبجە بكاتە نموونەی ئاوەدانیی و بونیادنانەوە، هەر هاوڵاتیەك سەردانی ئەو شارە بكات بە ئاشكرا هەست بەم فەرامۆشیە دەكات، كە بوەتە مایەی نیگەرانیی و تورەیی بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی ئەو شارە و داخوازیی خەمخواردن و ئاوردانەوەی زیاتر دەكەن. 

ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لەگەڵ هاوخەمیمان بۆ بنەماڵە و كەس و كاری قوربانیان و شەهیدانی ئەو شارە مەزڵومە، پشتیوانی لە داواكاریە رەواكانی هاوڵاتیانی ئەو شارە دەكەین و داوا دەكەین دەستبەجێ حكومەتی هەرێم ئاورێكی باشتر لەم پارێزگایە بدەنەوەو بە پرۆژەكانی ئاوەدانیی و خزمەتگوزاریی، گەشەیەكی زیاتری پێ بدەن و لەم پەراوێزیە رزگاری بكەن.

لە یادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بە پێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵە بخەینە روو: 

یەكەم: ئەنجامدانی كۆنفراسێكی نێودەوڵەتیی تایبەت بە بوژانەوە و پرۆژەكانی خزمەتگوزاریی هەڵەبجە، بە بەشداریی رێكخراوە نێودەڵەتییەكان و دۆستانی گەلی كورد و كەسایەتیە ئەكادیمیی و سیاسییەكانی جیهان. 

دووەم: ئەنجامدانی هەڵمەتێكی یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسایەتی و كۆمپانیایانەی بەشداربوون لە ئاسانكاریی و پێدانی چەكی كیمیایی بە رژێمی بەعس و قەرەبووكردنەوەی مادیی قوربانیانی ئەو تاوانە. 

سێهەم: هاندانی حكومەتی عێراقیی بۆ مامەڵەیەكی باشتر لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجەدا و خەرجكردنی بودجەی تایبەت بەو پارێزگایە و سەرجەم رێوشوێنە یاساییەكانی دیكەی تایبەت بەو پارێزگایە. 

چوارەم: سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم پابەند بكرێن بە كردنەوەی بەرێوەبەرایەتیەكانیان لە پارێزگای هەڵەبجە. 

پێنجەم: ئاوردانەوەی زیاتر لە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزاریی لەو پارێزگایە و تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە. 

شەشەم:پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەیەكی تایبەت لەو پارێزگایەدا ئەنجام بدات‌و تایبەت بكرێت بە گرفتەكانی پارێزگای هەڵەبجە. 

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە و بە ئومێدی هەڵەبجەیەكی ئاوادانتر و گەشتر. 

ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان

16 /3/2019