پارتی: باڵەكانی یەكێتی بە پەشیمان بونەوە، كۆسرەت ڕەسوڵ ئیحراج دەكەن

17/03/2019 - 15:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


میدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت چەند باڵێكی یەكێتی لە ڕێكەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی بۆ بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت پەشیمان بونەتەوە و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە لە كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بدەن.


فەیسەڵ دەباغ ڕاوێژكاری پێشووی مەسعود بارزانی لەو بارەوە دەڵێت" "یەكێتی دووجار رێككەوتنی بە كۆسرەت ڕەسووڵ كردووە، لە ھەردوو رێككەوتنەكەدا پێشێلكاری كراوە، گرفتەكە لە ناوخۆی یەكێتییە، ناكۆكییەكە لەناو خۆیان ھەیە، گرووپێك رایەكی ھەیە و ئەوی دیكە پێچەوانەیەتی، ئەو گرووپە نایانەوێت پارتی و یەكێتی ڕێك بكەوێت“.


ڕاوێژكارەكەی مەسعود بارزانی هەروەها دەڵێت" ئەوان ”ئیحراجی بۆ كاك كۆسرەت دروست دەكەن ، بۆیە مەفروزە كۆسرەت ڕەسووڵ هەڵوێستی ڕوونی ھەبێت، ”یان وازبێنێت لە دانیشتن لەگەڵ ئەو گرووپە یان مادام خاوەنی بڕیارە، دەبێت قسەی خۆی ھەبێت"


دووپاتیشی كردەوە كە ئەو باڵەی یەكێتی لە ڕێگەی پاشگەزبوونەوە لە ڕێككەوتنەكانیان، دەیانەوێ لە كۆسرەت ڕەسووڵ ”بدەن“ كە ئەوەش ”لێدانە لە دەنگی یەكێتییەكانی ھەولێر“.