هاتوچۆ له‌باره‌ی سه‌ردانیكردنی سه‌یرانگاكانه‌وه‌ چه‌ند رێنماییه‌كی بۆ شوفێران ده‌ركرد

18/03/2019 - 13:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ ژماره‌یه‌ك ڕێنمایی‌ نوێ بۆ ئه‌و شۆفێرانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ سه‌یرانگاكان ده‌ركردو تێیدا داواده‌كات، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگری وه‌ك لۆری، تانكه‌ر و هاوشێوه‌كانیان بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌رنشین بۆ ناو سه‌یرانگاكان به‌كار مه‌هێنن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ ژماره‌یه‌ك رێنمایی‌ نوێی‌ بۆ شۆفێران ده‌ركردوه‌و تێیدا داوا له‌شۆفێران ده‌كات له‌كاتی سه‌ردانكردنی سه‌یرانگاكاندا پێویسته‌ ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی‌ دوور بن له‌هه‌موو زیانێكی مادی و گیانی.

1 - په‌له‌ نه‌كردن: هیچ كات هه‌وڵ مه‌ده‌ په‌له‌ بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی زوور بگه‌یته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ مه‌به‌سته‌ یاخود زوو بگه‌رێیته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ چونكه‌ ماوه‌ی نێوان په‌له‌كردن و په‌له‌ نه‌كردنت ته‌نھا چه‌ند خوله‌كێكی كه‌مه‌ بۆ گه‌شتن.

2- به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ئۆتۆمبیلی بارھه‌ڵگری وه‌ك لۆری و ته‌نكه‌ر و ھاوشێوه‌كانیان به‌كارمه‌ھێنه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌رنشین بۆ نێو سه‌یرانگاكان .

3- به‌كارنه‌ھێنانی ماتۆرسكیل به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنت به‌ سه‌یرانگاكان .

4- له‌كاتی ده‌رچوونت له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك منداڵ له‌ به‌شی دواوه‌ی (عه‌ره‌بانه‌ی)ئۆتۆمبیل دامه‌نێ به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو ئۆتۆمبیله‌كه‌ت ده‌بل قه‌مه‌ره‌ بوو یاخود هاوشێوه‌ی بوو .

5 - سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌ل وپه‌ل و شت و مه‌كانه‌ی كه‌ پێته‌ له‌ گه‌ل خۆتدا ده‌یبه‌یت بۆ سه‌یران به‌باشی جێگیریان بكه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو پێویستی به‌ به‌ستنه‌وه‌ ھه‌بوو بیبه‌سته‌ره‌وه‌ .

6- ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ شۆفێری ده‌كات خۆی به‌ دوور بگرێت له‌ خواردنی ماده‌ كحولییه‌كان

7- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك‌ له‌ سایدی خۆت لامه‌ده‌ و مه‌چۆره‌‌ سایدی ئۆتۆمبیلی به‌رانبه‌ر یان (شانی ڕێگا) واته‌ جاده‌ی خۆڵی ته‌نیشت شه‌قامه‌كه‌.

8 - له‌ كاتی شۆفێری كردن دا هه‌میشه‌ ئارام به‌ و خۆت به‌ دوور بگره‌ له‌ تووره‌ بوون و هه‌لچوون.

9 - هه‌وڵ بده‌ سه‌رنشینه‌كانت مه‌شغولت نه‌كه‌ن به‌ ئاگابه‌ له‌ ره‌وشی رێگا وبانه‌كان

10- خۆت به‌دووربگره‌ له‌ ئه‌نجام دانی سه‌رپێچی چونكه‌ ئه‌و سه‌رپێچیه‌ كه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌یت راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی هاتوچۆوه‌ به‌

ئامێری ( PDI ) تۆمار ده‌كرێت.

11- به‌ پێی ئه‌و خێراییه‌ شۆفێری بكه‌ كه‌ بۆت دیاری كراوه‌

12 - باوكان و دایكانی به‌رێز به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئۆتۆمبیل مه‌ده‌نه‌ ده‌ست منداڵ یان هه‌ر كه‌سێكی تر كه‌ هه‌ڵگری مۆڵه‌‌تی شۆفێری نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تووشی لێپێچینه‌وه‌ی یاسای نه‌ بن.

13- له‌ نزیك جاده‌كاندا یاخود له‌و شوێنانه‌دا كه‌ نزم تره‌ له‌ ئاستی جاده‌كه‌ دامه‌نیشن بۆ ئه‌وه‌ی دووربن له‌ رووداوی دڵ ته‌زێن

14- پابه‌ند بن به‌ رێنماییه‌كانی ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندانی هاتوچۆ چونكه‌ ئامانجیان سه‌لامه‌تی ئیوه‌یه‌.