لە هەولێر باندێکی دزیکردن دەستگیرکرا

19/03/2019 - 09:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشەوە چوار ئەندامی باندێكی دزینی ئۆتۆمبێل، دەستگیركران.

هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند "بەشی لێكۆڵینەوەی دزینی ئۆتۆمبێل لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە هەولێر، توانیویانە سێ ئەندامی باندێكی دزی دەستگیر بكەن و چوارەمیش لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیركراوە".

وتیشی "ئەندامانی باندەكە دانیان ناوە بە دزینی پێنج ئۆتۆمبێل، جۆری كیا بارهەڵگر و دواتریش بردوویانەتە دەرەوەی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستان، فرۆشتوویانە". باسی لەوەشکرد “لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی شوێنی ئۆتۆمبێلەكان دەستنیشان بكرێت و هەوڵ بدرێت بگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر”.

وتەبێژەکەی پۆلیس ڕاشیگەیاند دوو لەو بارهەڵگرانە تابلۆیان هەولێر بووە و سیانەكەی تریشان تابلۆكەیان ناوەڕاست و خوارووی عیراق بووە.