ڕوونكردنەوە لەبارەی پێدانی دوو مووچە دەدرێت

21/03/2019 - 08:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پێدانی دوو مووچە لەمانگی داهاتوو، دێتەدەنگ و جێگری سەرۆكی لێژنەكەش رایدەگەیەنێت: لەئێستادا عێراق یەك مووچە دەنێرێت، بۆیە لەهەرێمیش یەك مووچە دەدرێت، بەڵام بەبێ پاشەكەوت و بەتەواوی دەدرێت، بۆیە دوو مووچە دابەشناكرێت.

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەو قسانەی لەبارەی پێدانی دوو مووچە لەمانگی (4) دا دەكرێت راست نین، ئێمە هیچ زانیارییەكمان لەوبارەیەوە نییە، ئەوەی هەیە حكومەت هەموو مانگێك لەكاتی خۆیدا مووچەی مانگانە دەدات.

وتیشی: تائێستا قسەكە لەسەر ئەوەیە مانگانە بەغدا یەك مووچە دەنێرێت، لەهەرێمیش یەك مووچە دەدرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە مووچە بەبێ پاشەكەوت و بەتەواوی دەدرێت.

ناوبراو بۆ رادیۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو (68) ملیار دینارەی بۆ مووچەی پێشمەرگە دانراوە، حكومەتی عێراق نەیناردووەو هەرێم خۆی دابینی كردووە.

راشیگەیاند: جیاوازی موچە (فروقات) ی مانگی (1و2) كە عێراق بۆ هەرێمی خەرجكردووە، بڕەكەی تەنیا (274) ملیار دینارە، ئەوەش ئەوەندە كەمە، بەشی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش ناكات، بۆیە لەئێستادا حكومەت تەنیا یەك مووچە دەدات و دوو مووچە نییە.