وتەبێژی یەكگرتوو : وەك چۆن لەرووی سەربازییەوە كۆتاییان هات، ئومێدەوارین بیری توندرەوانەی داعش بۆهەمیشە كۆتایی پێبێت.

23/03/2019 - 20:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

لە دوای شەریَِكی وێرانكەری چەند ساڵە كە سوریاو ناوچەكەی پێدا تێپەڕی پاش ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە هاوكاری ئەمریكاو هاوپەیمانان كۆتاییان بە داعش هێنا كە دوا وێستگەیان لە باغۆز بوو لە سوریا، لەم بارەیەوە وتەبێژی یەكگرتوو بە پەیجی سپێدەی راگەیاند : داعش بەڵاو نەهامەتیەكی گەورەبوو كە زیاتر لە چوار ساڵە بەرۆكی هاوڵاتیانی عێراق و سوریای گرتووە، ئەم تاقمە تیرۆریستە یەكێك بوون لەهۆكارەكانی دروستبوونی ئیسلامۆفۆبیا لەسەر ئاستی ئەوروپاو جیهان بەگشتی و زلهێزانیش لە داڵدەدان و پشتیوانی ژێربەژێرو دروستكردنیان درێغیان نەكردو بە‌م یارییە موخابەراتیەیان كە دژی زۆر لایەن و وڵات بەكاریان دەهێنان گەلانی ناوچەكەیان تووشی دارمانی ئابووری و قەیرانی كۆمەڵایەتی و سیاسی كرد، ئێستە كە كۆتایی داعش راگەیەنراوە دەبێت ئەم كۆتاییە بكرێتە وێستگەیەك بۆ لابردنی ناوو ناونیشانی ئەو تاقمە كە بە ئیسلامەوە لكێندرابوو، لەسەر ئاستی دونیا كۆنگرەی تایبەت ببەسترێت بۆ برەودان بە بیری میانەڕەوی و یەكتر قبوڵكردن و دەرخستنی ڕووی گەشی مەدەنی و شارستانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، هەروەها وتەبێژی یەكگرتوو رایگەیاند، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەر لەسەرەتای دەركەوتنی داعشەوە وەك بیرێكی نامۆ بە ‌ئیسلام سەیری كردوەو لێرەوە رایدەگەیەنێت كە نموونەی جوانی فیكری ئیسلامی لە دەقە پیرۆزەكانی قورئان و فەرمودەی دروستی پێغەمبەردا بەرجەستە دەبێت كە هەمیشە رەحمەتە بۆ هەموو جیهان و خاوەنی شارستانیەتیەكە كە تەژیە بە نمونەی جوانی مرۆڤ دۆستی و ئاشتی و تەبایی، سەبارەت بە سوریاو دۆخی كورد لەو وڵاتەدا وتەبێژی یەكگرتوو رایگەیاند، كە دەبێت لەمەوپاش چارەسەری سیاسی بۆ كێشەكان بكرێتە بنەمایەك و خزمەت بەهاوڵاتیانی سوریا بەگشتی پاش ئەو نەهامەتیانە ببێتە ئەولەویەتی گرنگی پێدانی دەسەڵاتداران و هاوكاریان بكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەو ژیانەوەی ناوچەكە ژینگەی فیكری و ئابووری ساز بكرێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە دیاردانە، هەروەها وتی: ئومێدەوارین عیبرەت لە توندرەوی داعش وەرگیرابێت و بەهەموولا هەوڵی پێكەوە ژیانی حەقیقی بدەن و وەك چۆن لەڕووی سەربازییەوە كۆتاییان هات ئومێدەوارین بیری توندرەوانەی داعش بۆهەمیشە كۆتایی پێبێت.