به‌غدا رێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم جێبه‌جێناكات

26/03/2019 - 15:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


له‌باره‌ی داننه‌نان به‌زانكۆ تایبه‌ته‌كان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێم وه‌ڵامی حكومه‌تی عیراق ده‌داته‌وه‌، وته‌بێژی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش داواده‌كات، به‌غداش به‌هه‌مانشێوه‌ی هه‌رێم پابه‌ندی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان بێت.
دوای ئه‌وه‌ی سه‌لام خۆشناو بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق رایگه‌یاندبوو "حكومه‌تی عیراق دان به‌بڕوانامه‌ی زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نانێت".

عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌نراوێكی دا وه‌ڵامی بریكاری‌ وه‌زیره‌كه‌ی‌ عیراقی‌ داوه‌ته‌وه‌ و ده‌لێت "لێدوانه‌كه‌ی بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و ئه‌م وتانه‌ی هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاستی تێدانییه‌".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، "له‌ماوه‌ی ڕابردوو وه‌زاره‌تمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ عیراق یاداشتنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئیمزاكردوه‌و پابه‌ندبونی خۆمان به‌بڕگه‌و ماده‌كانی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌ربڕیوه‌، چاوه‌ڕوانیشده‌كه‌ین وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراقیش بڕگه‌و ماده‌كانی یاداشته‌كه‌ جێبه‌جێبكا".

وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، "بڕیارو ڕاسپارده‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان سه‌باره‌ت به‌م پرسانه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و یاداشتنامه‌ هاوبه‌شه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌ردولامان ئیمزامان كردوه‌و دژی هیچ لایه‌ك نییه‌، بۆیه‌ به‌پێویستی ده‌زانین به‌هه‌موان ڕابگه‌یه‌نین كه‌ لێدوانه‌كه‌ی بریكاری وه‌زیری خوێندنی باڵای عیراق هیچ بنه‌مای نییه‌و كاری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیشمان بۆ بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كان به‌رده‌وامن".